Archive for شوبات, 2010
با قه‌ڵاكه‌مان بنكۆڵ نه‌كه‌ین
Posted in بابه‌ت on شوبات 21, 2010| Leave a Comment »
” كاتێك دیموكراسیی ده‌گاته عێراق، شتێك نه‌ماوه ناوی عێراق بێت”
Posted in بابه‌ت on شوبات 14, 2010| Leave a Comment »
سه‌روه‌ریی عێراق و دۆسێی دوورخراوه‌كان
راپۆرت: سه‌ڵاح سالار
salahsalar@yahoo.com
ره‌تكردنه‌وه‌ی به لێشاوی ناوی كاندیده‌كانی په‌رله‌مانی عێراق، گێژاوێكی دروستكرد و گرفتێكی گه‌وره‌ی خسته به‌رده‌م پڕۆسه‌كه، به‌ڵام بڕیاری گێڕانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م دوورخراوه‌كان به‌هه‌مان لێشاو، لایه‌نێكی دیكه‌ی كێشه‌كه‌ی تووشی شۆك كرد، پرسیارێكی زل قوت بووه‌وه، ئه‌گه‌ر به‌عسیی نیین بۆ دوور خرانه‌وه؟ ئه‌گه‌ر به‌عسییشن بۆچی گه‌ڕێنرانه‌وه؟!
دیكتاتۆریه‌تی دیموكراسییانه
زمكان عه‌لی پسپۆڕی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و مامۆستای زانسته رامیارییه‌كان له زانكۆی سلێمانی ده‌ڵێت: “ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگاداری ده‌ستووری عێراق بم، ئه‌وانه‌ی به‌شداریی عه‌مه‌لییان له حزبی به‌عسدا هه‌بووه، نابێت به‌شداریی له پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراقدا بكه‌ن، به‌ڵام به‌عسیی كێیه؟ بۆ ئێستا به‌عسییبوون گوناهێكی گه‌وره‌یه، به‌ڵام بۆ كاتی خۆی (به‌ده‌ر له‌وه‌ی كه من كوردم و به‌عس به‌رانبه‌رمان چه‌ند خراپ بووه)، سه‌رچاوه‌ی ژیان بووه بۆ زۆر كه‌س، كاتی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور بڕیاری دوورخانه‌وه‌ی به‌عسییه‌كان درا، كێ به‌هێز بوو ئه‌گه‌ر له‌رووی دیموكراسییشه‌وه بووبێت كه شیعه‌كان زۆرینه بوون، به‌هۆی ئه‌و هه‌موو رقه‌ی به‌رانبه‌ر به‌عس هه‌یانبوو به قازانجی خۆیان دایانڕشته‌وه، ئه‌مه‌ش حیقدێكی تێدایه به‌رانبه‌ر به سوننه‌كان كه به‌عسییه‌كان زیاتر له‌وان بوون”.
كاتێك هاشمی سه‌ردانی ئه‌مریكای كرد، یه‌كسه‌ر بڕیاری گه‌ڕێنرانه‌وه‌ی ناوی كاندیده دوورخراوه‌كان ده‌رچوو، لێره‌دا پرسیار له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ی پێشوو هاته گۆڕێ، ئایا بڕیارێكی یاسایی، یان سیاسیی رووت بوو؟ رۆڵی ده‌ستوور له‌م قۆناغه هه‌ستیاره‌دا چی بوو؟
به بڕوای عه‌بدوڕڕه‌حمان كه‌ریم ماسته‌ر له فیكری سیاسیی و مامۆستای زانسته رامیارییه‌كان، له زانكۆی سلێمانی “پێویست وابوو ئه‌و كه‌سانه‌ی مه‌رجه‌كانی خۆكاندیدكرنیان تێدا نه‌بێت دوور بخرێنه‌وه، ئه‌گه‌ر به به‌عسییبوون بێت، یان به نه‌بوونی نه‌زاهه، یان شیاویی ته‌واو، یاخود نه‌بوونی بڕوانامه‌و ئه‌و زانیارییانه‌ی پێشكه‌شیان كردووه، به‌ڵام دیاره یاسا ره‌چاو نه‌كراوه”
چاودێران سیاسیی پێیان وابوو ده‌ستی ده‌ره‌كی له كێشه‌كه‌دا روون و دیاره، بۆیه نوری مالیكی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق هۆشداریی دایه باڵیۆزی ئه‌مریكا كه سنووری كاری دیبلۆماسیه‌ت تێنه‌په‌ڕێنێت. “بڕیاره‌كان به‌هه‌ندێك رێككه‌وتنی سیاسیی كه ستراتیژییه‌كی پێوه دیار نییه‌و به‌رژه‌وه‌نییه‌ك به‌ده‌ست نایه‌نێت، جگه له‌وه‌ی كه ده‌توانین بڵێین وه‌كو دانیشتنێكی دیوه‌خانانه ده‌رده‌كرێن، ده‌بوو ده‌سته‌ی نه‌زاهه به‌عسییه‌كان و ئه‌وانه‌ی تانه لێدراو‌ن به تۆمه‌تی شه‌ره‌ف، نه‌بوونی ره‌وشتێكی ته‌واو، ئه‌وانه‌ی بڕوانامه‌كانیان ته‌زویره‌و ئه‌وانه‌ی كێشه‌یه‌كی نه‌زاهه‌ی مالییان هه‌یه، لێك جیا بكردایه‌ته‌وه”.
به‌ڵام پسپۆڕه‌كه‌ی په‌یوه‌نییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له زانكۆی سلێمانی ده‌ڵێت: “راستییه‌كه‌ی ئێستا گه‌وره‌ی عێراقییه‌كان عێراق نییه، به‌ڵكو ئه‌مریكایه، دڵنیابه هه‌ر بڕیارێكی عێراقی ئه‌گه‌ر دژ به‌به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا بوه‌ستێته‌وه، ئه‌گه‌ر سیاسییه‌ن چاره‌سه‌ری نه‌كات، له رووی سه‌ربازییه‌وه ته‌داخول ده‌كات، هه‌مووكه‌س ده‌زانێت هه‌ر لایه‌نێكی عێراقی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا رێككه‌وتن ده‌كات بۆ قازانجی خۆیه‌تی، چونكه عێراقییه‌كان هیچیان به‌ده‌سته‌وه نییه و ئه‌مریكا به‌هێزترین بڕیاربه‌ده‌سته. شیعه‌كانیش بۆ مه‌به‌ست رێككه‌وتنی تاریق هاشمیی و ئه‌مریكا ده‌وروژێنن”.
ده‌ستێوه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌مریكا بۆچی؟
پاش رێككه‌وتنه ئه‌منییه‌كه‌ی عێراق ـ ئه‌مریكا چاوه‌ڕێ ده‌كرا سه‌روه‌ریی بۆ عێراق بگه‌ڕێته‌وه، به ده‌ستێوه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌مجاره‌ی ئه‌مریكا ئه‌وه‌ی وروژانده‌وه كه ئێستاش سه‌روه‌ریی عێراق له‌ده‌ستی ئه‌مریكادایه.
مامۆستا زمكان عه‌لی له‌و باره‌یه‌وه وتی: ” من دڵنیام مافی عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه زۆر پێشێل كراوه، په‌یوه‌ندییه‌كی نایه‌كسانه له نێوان لایه‌نی عێراقێكی لاواز و ئه‌مریكایه‌كی به‌هێزدا”. مامۆستا عه‌بدوڕڕه‌حمان كه‌ریمیش لای وایه ” ئه‌مریكا موعاده‌له‌ی ته‌سفیه به‌كار ناهێنێت، به‌عسی رووخاند، به‌ڵام نایه‌وێت هه‌موو به‌عسییه‌كان بكوژرێن، یاخود ته‌سفییه بكرێن، ده‌ستێوه‌ردانه‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌بوو رێگه له ته‌قینه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه بگرێت و ده‌رفه‌تێكی باشیش بوو بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه ده‌سه‌ڵاتی خۆی فه‌رز بكاته‌وه”. ده‌رباره‌ی رێككه‌وتنی ژێربه‌ژێری ئه‌مریكا و تاریق هاشمییش، ئه‌و ده‌ڵێت: “سوننه‌كان هیچ زره‌رمه‌ند نه‌ده‌بوون كه ئه‌گه‌ر ئه‌و پێنجسه‌دو یازده كه‌سه ده‌ر بكرابان، خۆ شیعه‌ی زۆریشیان تێدایه، ئه‌مریكا ئه‌وه‌نده‌ی له‌گه‌ڵ خودی ده‌وڵه‌ت ته‌عامول ده‌كات، هێنده له‌گه‌ڵ كیانه‌كانی عێراقدا ته‌عامول ناكات”.
هه‌ڵبژاردن و گۆڕانكاریی نوێ
هه‌میشه چاوه‌ڕوانی گۆڕانكاریی ریشه‌یی له هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كرێت، زۆرجار پاش ماوه‌یه‌ك له پڕۆسه‌كه ده‌رده‌كه‌وێت كه وا نه‌بوو، به‌ڵام به نیسبه‌ت ئه‌مجاره‌وه وه‌ك ده‌ڵێن “مانگه‌شه‌و سه‌ر له ئێواره دیاره” له ئێستاوه چاوه‌ڕوانی گۆڕانكارییه‌كی دڵخۆشكه‌ر به نیسبه‌ت جه‌ماوه‌ره‌وه ناكرێت.
“به بۆچوونی من گۆڕانكاریی زۆر ئه‌سته‌مه، هۆكاری سه‌ره‌كی بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕانكاریی دروست نه‌بێت لایه‌نێكی ده‌ره‌كی زۆر به‌هێزه، وه‌ك ئه‌مریكا و به‌ریتانیا. هه‌ر حكومه‌تێك دروست ببێت دژ به پێكهاته‌كه‌ی تری عێراق، لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی عێراق قه‌بوڵی ناكه‌ن، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌منیه‌تی ئه‌وان باش نییه، به‌تایبه‌ت به‌ریتانیا زۆر جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه هه‌ر ته‌وافوق بێت، بۆیه من رام وایه ئێستا هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ش لابه‌ریت حاڵی عێراق هه‌روه‌ك خۆیه‌تی، چونكه عامیلی ده‌ره‌كی ئه‌وه‌نده به‌هێزه‌و ده‌یانه‌وێت ته‌وافوق هه‌بێت، بۆیه گۆڕانكاری نابینم، قسه‌ی پڕۆفیسۆرێكی ئه‌مریكییم لایه كه تازه‌ترین وتاریه‌تی ده‌ڵێت: “كاتێك دیموكراسیی ده‌گاته عێراق كه‌م له‌و عێراقییانه‌ی ئێستا زیندوون، له‌وێ ده‌بن كه بێن پێشوازیی لێ بكه‌ن، كاتێك دیموكراسیی ده‌گاته عێراق، شتێك نه‌ماوه ناوی عێراق بێت”. ئه‌مه وته‌ی زه‌مكان عه‌لی مامۆستای زانكۆی سلێمانی بوو. عه‌بدوڕڕه‌حمان كه‌ریم پسپۆڕی فیكری سیاسیی له زانكۆی سلێمانی ده‌ڵێت: “هیوادارم گۆڕانكاری پۆست و كه‌سه‌كان رووبدات، ئه‌گه‌ر به‌ره‌و دوا نه‌گه‌ڕێینه‌وه، له سیاسه‌تدا پیاو ناتوانێت پێشوه‌خت به‌ته‌واوی شته‌كان یه‌كلا بكاته‌وه، ئه‌گه‌ر عێراق نه‌گه‌ڕێته‌وه به‌ره‌و مه‌ركه‌زیی و حكومه‌تێكی تۆتالیتاری ئه‌وه شتێكی باشه، كه هیوادارم وا نه‌بێت”.
Posted in بابه‌ت on شوبات 8, 2010| Leave a Comment »
شۆڕشی گه‌لانی ئێران، له دیدگای ده‌ره‌وه‌ی خۆیان
سه‌ڵاح سالار
alahsalar@yahoo.com
چه‌ند رۆژێكی دیكه گه‌لانی ئێران یادی (31)ساڵه‌ی شۆڕشه‌كه‌یان ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وه‌ی خۆیان پێی ده‌ڵێن: “ئینقلابی ئیسلامیی”، یاخود بیره‌وه‌ری (22)ی به‌همه‌ن. ئه‌و شۆڕشه ئه‌گه‌ر چی شۆڕێكی نێوخۆیی ئێرانه، به‌ڵام ده‌كرێت خه‌ڵكی دیكه‌یش قسه‌ی خۆیانی له‌سه‌ر بكه‌ن، چونكه ئه‌گه‌رچی پێگه‌ی شۆڕشه‌كه ناوه‌كییه، به‌ڵام به رووی ده‌ره‌وه‌شدا خاوه‌نی هێزێكی ده‌ره‌كییه، ئه‌مه جگه له كۆمه‌ڵه خاڵێكی هاوبه‌شی وه‌ك: دراوسێیی، هاوئایینی و هاوده‌ردیی و .. تد.
فۆرمی شۆڕشه‌كه
ده‌بێت بۆ سه‌ره‌داوی ئه‌م قسه‌یه به‌راورد و شیكاری له نێوان راپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران و كوده‌تاكانی وڵاتانی دیكه‌دا بكه‌ین، هه‌موومان كۆمه‌ڵه كوده‌تایه‌كمان یان له بیره، یاخود وه‌ك مێژوو خوێندوومانه‌ته‌وه، عێراقی خۆمان یه‌كێك له نموونه‌كانه، كاتێك كوده‌تا، یان هه‌رناوێكی دیكه‌ی لێ بنێین، له عێراقدا رووی دا ته‌نیا كوده‌تای سه‌ربازیی تاقمێك بووه‌و هاووڵاتییان ئاگاداری ئه‌و كوده‌تایه نه‌بوون، جگه له خودی گرووپه‌كه، واته گه‌ل به شۆڕشی خۆی نه‌زانیوه‌و ته‌نیا شۆڕشی ده‌سته‌یه‌ك بووه و هیچی دی.
به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه شۆڕشی گه‌لانی ئێران ناوه‌كه‌ی به خۆیه‌وه‌یه، راپه‌ڕینێكی چه‌ند مانگه‌ی هه‌موو خه‌ڵك بوو، ئه‌مه جگه له ریشه دووره‌كه‌ی، كه به درێژایی چه‌ند مانگێك جه‌ماوه‌ر شۆڕشێكی مه‌ده‌نییان به‌ڕێوه برد، ئه‌مه‌ش خاڵێكی زۆر گرنگه، شۆڕشێكی سپیی مه‌ده‌نیی توانی حكومه‌تێكی عه‌سكه‌رتاریه‌ت شكست پێبێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌و شۆڕشه‌ی ئێران له كوده‌تاكانی وڵاتانی دیكه جیا ده‌كاته‌وه ئه‌وه‌یه كه شۆڕشی گه‌لانی ئێران كوده‌تایه‌كی خافڵگیرانه‌ی تاقمێك نه‌بوو، به‌ڵكو راپه‌ڕینێكی گشیی شه‌قام بوو، هه‌ر بۆیه پێیشی ده‌ڵێن: شۆڕشی گه‌لانی ئێران، چونكه موسڵمان، فه‌له، جوله‌كه، زه‌رده‌شتی، شیعه، سوننه، كورد، فارس، ئازه‌ری، به‌لووچ و عه‌ره‌ب و هه‌موو پێكهاته‌كانی ئه‌و وڵاته یه‌كڕا بوون له‌سه‌ر رووخانی رژێمی (شا)، ده‌توانین بڵێن تێكڕای جه‌ماوه‌ر رژابوونه سه‌ر شه‌قام و داوای گۆڕینی ئه‌و سیستمه‌یان ده‌كرد.
گه‌لێكی زیندوو
خاڵی به‌هێز زیندوویی گه‌لانی ئێرانه، كاتێك لاپه‌ڕه‌كانی مێژووی ئینقلابی ئێران هه‌ڵده‌دینه‌وه، حكومه‌تێكی سته‌مكارو داپڵۆسێنه‌ر، له‌گه‌ڵ گه‌لێكی زیندووی راپه‌ڕیوو ده‌بینین، كه به درێژایی ئه‌و چه‌ند مانگه‌ی راپه‌ڕین خه‌ڵك سارد نه‌بوونه‌وه‌و به‌رده‌وامییان به داوا ره‌واكه‌یان دا، ته‌نیا یه‌ك رۆژ به‌ر له شكستی حكومه‌ته‌كه‌ی شاپوور به‌ختیار، واته بیستویه‌كی به‌همه‌ن، پیاوانی ده‌سته‌ڵاتی (شا) قورسترین سته‌میان كرد و ئه‌و شه‌وه تا به‌یانی ته‌قه‌یان له خه‌ڵك كرد، كه‌چی بۆ به‌یانییه‌كه‌ی، یانی بیست‌و دووی به‌همه‌ن، كه به‌رانبه‌ره به یازده‌ی شوبات، دوا بزماریان دا له تابووتی دواهه‌مین شاهه‌نشایی ئێران و حكومه‌ت به ناچاری ته‌سیلم به ئیراده‌ی گه‌لێكی زیندوو بوو، ئێستاش كه ئێران به‌ده‌ست قه‌یرانی نێوخۆیی و پشێویی ناوه‌كییه‌وه گیرۆده‌یه، زیندوویی ئه‌و گه‌له هه‌ر ماوه‌و هه‌ست به‌وه ده‌كه‌یت كه رۆحییه‌تی فیداكارییان نه‌مردووه‌و زۆرجار به‌گژ ئه‌و حكومه‌ته‌دا ده‌چنه‌وه، كه به خوێنی خۆیان بنیاتیان نا، ئه‌مڕۆیش به حكومه‌ته‌كه‌ی خۆیشیان ده‌ڵێن نا، هه‌رچه‌نده دووحاڵه‌تی جیاوازن، ئه‌وی پێشوو بۆ رووخانی سیستمه‌كه بوو، به‌ڵام ئه‌می ئه‌مڕۆ ناڕه‌زاییه‌كی دیكه‌یه‌و داوای چاكسازییه، نه‌ك رووخانی سیستمی حوكم. به‌ڕاستی ئێران ده‌بێت شانازی به گه‌لێكی ئاوا زیندووه‌وه بكات، كه كوڕانی شۆڕشی پێشوو شتێك له شۆڕشه‌كه‌ی خۆیان قه‌بووڵ ناكه‌ن، كه پێی نیگه‌رانن و به ناڕه‌وای ده‌زانن، جا ئه‌گه‌ر وابێت، یان نا، كه ئه‌مه‌یان مه‌به‌ستی من نییه. گرنگ ئه‌وه‌یه ناخی خه‌ڵك نه‌ڕوخێنراوه‌و هه‌ر زیندووه‌و هه‌ر گیانفیدایه، به بۆچوونی من جیاوازییه‌كی جه‌وهه‌ریی له نێوان ئێمه‌و ئه‌واندا هه‌یه، پێموایه ده‌روونی گه‌لی ئێمه وا به‌زیوه، جا به‌هه‌ر هۆیه‌كه‌وه بێت، هه‌رگیز چاوه‌ڕوانی هاوشێوه‌یی ئه‌وانی لێ ناكرێت.
به‌های شۆڕش و گه‌لانی دی
به‌سه‌ر كه‌وتنی شۆڕشی ئێران خوێنێكی نوێ به به‌ر گیانی زۆر شۆڕشی گه‌لانی دیكه‌دا رۆیشته‌وه، شۆڕشی كورد له بێهیوایی و بێدۆستییدا بوو، به‌و شێوه‌یه دۆستێكی باشی ده‌ست كه‌وت و ئاگری شۆڕشه‌كه‌ی كڵپه‌یه‌كی گه‌وره‌ی سه‌ند، دۆزی فه‌له‌ستین له‌وپه‌ڕی نائومێدییدا بوو، پاش یه‌ك رۆِژ له‌سه‌ر كه‌وتنی شۆڕشه‌كه‌یان ئێرانییه‌كان ئاڵای ئیسرائیلیان داگرت و ئاڵای فه‌له‌ستینیان به‌رز كرده‌وه، ئینجا ئه‌و قسه‌یه‌شیان پووچه‌ڵ كرده‌وه كه ده‌سته‌ڵاتی ئیسلامیی كۆتایی هاتووه، ئێستاش پاش (31) ساڵ ئه‌و گومانه‌ی تر به درۆ ده‌خه‌نه‌وه كه حكومه‌تی مه‌لاكان دواكه‌وتووه‌و له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتن وێك نایه‌ته‌وه، هه‌ر هاوكات له‌گه‌ڵ ساڵیادی ئه‌مساڵیاندا مانگی ده‌ستكردیان هه‌ڵداو زۆر پێشكه‌وتنی تر كه رۆژانه ده‌یبینین. ده‌گونجێت هێزه ئۆپۆزسیۆنه ئێرانییه‌كان به‌م نووسینه‌ی من قه‌ڵس بن، به‌ڵام من له روانگه‌ی پارچه‌كه‌ی خۆمانه‌وه ته‌ماشای به‌رژه‌وه‌ندیی كوردستان ده‌كه‌م و كه ده‌ڵێم: هیوابه‌خشی شۆڕشی ئێمه بوون، دۆستی باش و دراوسێیه‌كی به‌كه‌ڵك بوون، بێگومان راست ده‌كه‌م، هه‌قیش به‌وان ده‌ده‌م لێم نیگه‌ران بن، چه‌نكه هه‌ریه‌كه‌مان له گۆشه‌نیگایه‌كه‌وه بۆ چرای ئه‌و شۆڕشه ده‌ڕوانین، به‌ڵام دڵنیام هه‌ر سیستمێكی دی له جیاتی ئه‌وان فه‌رمانڕه‌وایی ئێرانی كردبا حاڵی هه‌موومان خراپ ده‌بوو، له‌سه‌ر دوژمنایه‌تی و سته‌مكارییه‌كه‌ی یه‌كده‌نگ ده‌بووین، نه‌ك خیلافمان ده‌بوو.