سه‌ڵاح سالار
هه‌فته‌ی پێشووتر دادگای كه‌تن له شاری هه‌ولێری پایته‌خت سزای گۆڤاری (گوڵان) و سه‌رنووسه‌ری پێشووی ده‌ركرد، كه بریتیی بوو له غه‌رامه‌كردنی گۆڤاری نێوبراو به بڕی پێنج ملیۆن دینار و سه‌رنووسه‌ره‌كه‌شی به دوو ملیۆن، ئه‌مه‌ش له بریتیی تاوانی ناوزڕاندن و سووكایه‌تییكردن به كۆمه‌ڵی ئیسلامیی و ئه‌میری كۆمه‌ڵ (مامۆستا عه‌لی باپیر).
ئه‌م هه‌واڵه ده‌نگدانه‌وه‌ی جددی هه‌بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گۆڤاری (گوڵان) پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ری ده‌كات، كه خۆی حزبی حاكمه، هه‌روه‌ها له‌وه‌ش گرنگتر ته‌وقیتی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی دادگابوو، چونكه حاڵی حازر میدیا و ده‌سته‌ڵات له كیشمه‌كێشمێكی عه‌جیب دان، پاشانیش رۆژانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی لێ به‌ده‌ربێت، هیچكات هێنده‌ی ئێستا بازاڕی رۆژنامه‌نووسیی كوردیی په‌رێشان و شه‌پڕێو نه‌بووه، بۆیه یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ی دادگای كه‌تن له شاری هه‌ولێر نیگه‌رانیی لێ نه‌كه‌وته‌وه‌و كه‌سیش وا حاڵی نه‌كرا كه ئه‌مه دژی ئازادیی رۆژنامه‌نووسیی و ئازادیی بیروڕا و وتنه.
لێره‌دا پرسیاری جددی دێته پێشه‌وه، ئایا ئێمه‌ی ڕۆژنامه‌نووس چۆنچۆنی پێشوازیی له وه‌ها بڕیارێك بكه‌ین كه كۆتاییه‌كه‌ی سزادانی رۆژنامه و ڕۆژنامه‌نووسه؟ ده‌كرێت ده‌ستخۆشیی له دادگاییه‌كی له‌وجۆره بكه‌ین، یان ده‌نگی ناڕه‌زایی به‌رز بكه‌ینه‌وه؟ ده‌بێت به‌ر له‌وه‌ی ئێمه‌ش بۆخۆمان دادوه‌ریی بكه‌ین و لێره‌وه دادگاییه‌كی دیكه‌ی ئه‌وان بكه‌ینه‌وه، جارێ وه‌كو دڵسۆو و خه‌مخۆرێكی پیشه‌كه‌ی خۆمان (رۆژنامه‌نووسیی)، باری ئه‌مڕۆی رۆژنامه‌نووسیی كوردیی هه‌ڵبسه‌نگێنین، ئه‌وجا قسه له‌سه‌ر ئه‌وی دی بكه‌ین، رۆژانه وه‌ك قارچك گۆڤاری تازه هه‌ڵده‌تۆقێت و هه‌مووشیان بانگه‌شه‌ی سه‌ربه‌خۆیی ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ لاپه‌ڕه‌كانی هه‌ردانه‌یه‌كیان هه‌ڵده‌ده‌یته‌وه ده‌بینیت نه‌ك ره‌خنه‌و راپۆرتی وردی رۆژنامه‌وانی، به‌ڵكو لێشاوی سووكایه‌تییكردن و جنێو و ناوزڕاندنی سه‌ركرده‌و كه‌سایه‌تییه‌كانی ئه‌م گه‌له‌ی تێدایه، ـ به‌ڵام ئه‌ڵبه‌ت جگه له ئه‌وانی نێو دوو حزبی فه‌رمانڕه‌وا، مه‌گه‌ر ئه‌ویش به ویستی خۆیان جارجار یه‌كدی داده‌پڵۆسن ـ ئه‌م بێڕێزیكردنه له ناو میدیای كوردییدا به ته‌واوی پیشه‌كه‌ی نابووت كردووه‌و ده‌ستێكی گه‌وره‌ش له پشت ڕیسواكردنی بازاڕی ڕۆژنامه‌نووسیی كوردییه‌وه هه‌یه، بۆئه‌وه‌ی ئه‌رزش بۆ ڕاپۆرت و به‌دواداچوون و وتاره بابه‌تییه‌كان نه‌مێنێته‌وه، له‌م فه‌وزا گه‌وره‌یه‌شدا خه‌ڵكانێكی ویژدانبیمار ده‌رفه‌ته‌كه‌یان قۆستووه‌ته‌وه‌و كه‌سابه‌ت به‌سه‌ر وشه‌و كه‌رامه‌تی خه‌ڵك و كه‌ڵكوه‌رگرتنی خراپ له ئازادیی ڕۆژنامه‌وانییه‌وه ده‌كه‌ن، وه‌ك وتراویشه “دز بازاڕی شێواوی ده‌وێت”.
بۆ ئه‌وه پێشه‌كیی له كاكڵه‌مان دوور نه‌خاته‌وه، ده‌بێت قسه له‌سه‌ر ڕه‌فتاره شه‌ڕانگێزییه‌كانی ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانه بكه‌ین، كه مه‌یدانه‌كه‌یان كردووه‌ته گۆڕه‌پانه‌كه‌ی شه‌ڕی ناوخۆی جاران، پاشان ئه‌و پرسیاره‌ش له ده‌سته‌ڵات بكه‌ین، ئایا وه‌ك له په‌نای ئێوه‌وه ته‌قه له خه‌ڵكی تر ده‌كرێت، قه‌بووڵ ده‌كه‌ن كه‌سیش به ئێوه‌دا هه‌ڵشاخێت؟ گومانم نییه كه نه‌خێر وه‌ڵاممه، كه‌وایه ناكرێت له پشتی تۆوه ده‌ستڕێژی وشه بۆسه‌ر كه‌سانی دی بكرێت و كه‌رامه‌ت و كه‌سایه‌تییان تیرۆر بكرێت، به‌ڵام كه‌سیش نه‌توانێت به هه‌ڵه‌و په‌ڵه‌كانت بڵێت له‌كه‌یه‌ك به ماڵه‌كه‌ته‌وه‌یه!
ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابوردوو گه‌واهیی ئه‌وه‌ن كه چۆن هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن و په‌نجه‌به‌چاوداكردنی رۆژنامه‌نووسان گۆڕه‌پانی ڕۆژنامه‌نووسیی به‌رته‌سك كرده‌وه‌و تانه‌یه‌كی نایه سه‌ر تانه‌كانی دیكه‌ی ئازادیی و دیموكراسییه‌كه‌ی ئه‌م مه‌مله‌كه‌ته.
من وه‌كو خۆم كاتێك هه‌واڵی سزادانی گۆڤاری (گوڵان)م بیست نیگه‌ران بووم و هه‌رگیز حه‌زیش به بیستنی هه‌واڵی هیچ جۆره سزایه‌ك ناكه‌م و به كۆت و به‌ندو زیندان و سزادانی كه‌س خۆشحاڵ نییم، به‌ڵام “مریشك خۆی خۆڵ به‌سه‌ر خۆیدا نه‌كات كه‌سی خۆڵی به‌سه‌ردا ناكات”، مه‌به‌ستیشم له‌م قسانه ئه‌وه نییه له بڕیاری دادگا نیگه‌رانبم، به‌ڵكو ده‌مه‌وێت بڵێم: له شێوازی نووسین و خراپبه‌كار هێنانی ئازادیی بواری ڕۆژنامه‌نووسیی زیزم، گۆڤارێك، یاخود ڕۆژنامه‌نووسێك چۆن ڕێگه به‌خۆی ده‌دات، ئه‌و هه‌موو بێحورمه‌تییه به كه‌سایه‌تیی و لایه‌نێكی دیكه‌ی هاوزمانی خۆی ده‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ڕۆژانی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن و توندبوونی بانگه‌شه‌كانی لایه‌نه‌كان بۆخۆیان و ترسان له هه‌ڵكشانی ئه‌وانی دی و داكشانی خۆت، دێیت مه‌یدانی ڕۆژنامه‌وانیی بۆ مه‌رامی سیاسه‌تی گێچه‌ڵپێفرۆشتن به‌كار دێنیت و له‌و ڕێگه‌یشه‌وه شه‌ڕ به به‌رانبه‌ركه‌ت ده‌فرۆشیت و ده‌ته‌وێت تا سه‌ر ئێسقان بیشكێنیت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نووسین به ڕێگای شه‌ریفانه‌دا نه‌نووسرێت سه‌رئه‌نجامه‌كه‌شی هه‌ر دۆڕاندنه له دادگادا، له‌وه‌ش خۆشتر هێشتا كۆڵ نه‌ده‌یت و بڵێیت ئیسلامییه‌كان بڕوایان به ئازادیی نییه، یان دیموكراسیی نیین!
به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێت و نووسینه‌كانی گۆڤاری ناوبراو پێچه‌وانه بكه‌ینه‌وه، ڕووی قسه‌كانی ئه‌وان بخه‌یته سه‌ر خۆیان و ناوی تۆش بچێته سه‌ر هه‌مان گۆڤار و ناوی گۆڤارێكی تۆش له شوێنی ئه‌و ناوه‌ی دیكه دابنێیت، جا بزانه ئه‌و كاته چاره‌نووست به كوێ ده‌گات؟!
مه‌به‌ستم له نووسینی ئه‌م وتاره ته‌نیا ئه‌وه‌بوو قسه‌یه‌ك له‌سه‌ر بازاڕی شێوێنراوی رۆژنامه‌نووسیی كوردی بكه‌ین و ئاوڕێك له ئه‌و جنێوانه بده‌ینه‌وه به ناوی ره‌خنه‌وه ده‌یگرنه خه‌ڵكانێك كه به دڵی ئه‌وان و پشتیوانه‌كانیان نانووسن و ناڵێن و بیر ناكه‌نه‌وه، ئیدی سه‌رئه‌نجامیش ئه‌و سزا یاساییه‌یه چاره‌نووسیانه‌و له‌كه‌یه‌ك بۆ سه‌ر پیشه‌كه‌یان جێ ده‌هێڵن، ئه‌مه له كاتێكدا ئێمه‌ش به‌و خۆتووشكردن به غه‌رامه‌و سزادان و كۆتاییهاتنه یاساییانه نه خۆشحاڵین و نه مه‌به‌ستیشمانه كه‌س به‌و ڕێگایه‌دا بڕوات و دوا هه‌نگاوی چاڵێكی گه‌وره بێت و عه‌یبه‌یه‌كیش بخاته سه‌ر ناوبانگی پیشه‌و ده‌زگاكه‌ی و ئیحراجییش بۆ چوارده‌وری دروست بكات، من وه‌كو خۆم خۆزگه‌م ده‌خواست ئه‌و براده‌ره شتی وه‌های نه‌نووسیباو ڕێگه‌ی به بڵاوكردنه‌وه‌ی نووسینی له‌و جۆره‌ش نه‌دابا، ئه‌مه‌شم بۆیه نووسیی كه‌س وانه‌زانێت ئێمه‌ی ئیسلامیی به سزادانی خه‌ڵكی شادمانین، چونكه له ئایینی ئێمه‌دا ڕێزگرتن له كه‌رامه‌تی ئینسان كراوه‌ته واجب و كه‌سێك به‌هۆی به‌ندكردنی پشیله‌یه‌ك بۆ دۆزه‌خ و یه‌كێكیش به ئاودان به سه‌گێك بۆ به‌هه‌شت ڕۆشتووه.