Posted in بابه‌ت on ئایار 13, 2010|
Leave a Comment »
سه‌ڵاح سالار
مه‌ڵبه‌ندی (5)ی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان له به‌یاننامه‌یه‌كدا كه له ماڵپه‌ڕی ره‌سمیی یه‌كگرتوودا بڵاو بووه‌ته‌وه، باس له راپه‌ڕینه شكۆداره‌كه‌ی 13 /5 / 1987ی ده‌ڤه‌ری شاره‌زوور ده‌كات.
له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا (5)جار ناوی هه‌ڵه‌بجه‌و (5)جار ناوی خورماڵ ده‌بات، به‌ڵام ته‌نیا یه‌كجاریش ناوی شارۆچه‌كه‌ی سه‌یدسادق نابات، ئه‌مه له كاتێكدا ئه‌و راپه‌ڕینه له سه‌یدسادقه‌وه سه‌ری هه‌ڵداو پاشان شارۆچكه‌كانی: سیروان و خورماڵ و هه‌ڵبه‌بجه گرته‌وه، له سه‌یدسادق چه‌ند كه‌س شه‌هید كران و برینپێچێك به ناوی جه‌مال كه خه‌ڵك پێیان ده‌وت دكتۆر جه‌مال هه‌ر به زیندوویی سوتاندیان و له‌تیف ناوێكیشیان به دیار چاوی كه‌سوكاره‌كه‌یه‌وه دایه به‌ر ده‌ستڕێژی گولله و شه‌هیدیان كرد.
پاشان بڕیاری وێرانكردنی گه‌ڕه‌كی (حه‌سار)یان ده‌ركرد، ئه‌گه‌ر به هه‌وڵی شێخ عه‌بدولقادری چوێسه نه‌بوایه نیوه‌ی ئه‌و شارۆچكه‌یه‌یان ده‌ڕووخاند.
به‌داخه‌وه یه‌كگرتووش وه‌ك لایه‌نی ده‌سه‌لات سته‌م له‌و شارۆچكه سته‌مده‌یه ده‌كات و به ره‌وای نازانێت له به‌یاننامه‌یه‌كدا ناوی سه‌یدسادق ببات و وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و رۆژه‌ی راپه‌ڕین به‌رپا كرا سه‌یدسادقییه‌كان نووستبن.
ئه‌مه زۆر جێگه‌ی نیگه‌رانییه و به سه‌د به‌یاننامه‌ش قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه، چونكه مانای ئه‌وه‌یه له نێودڵی ئه‌واندا حسابێك بۆ ئه‌و شاره نه‌كراوه، ئیدی ته‌ئویلكردنی دوایی پولێك ناهێنێت.
ئه‌مه‌ش ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌ی مه‌ڵبه‌ندی پێجی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستانه.
كه له سایتی ئه‌و حزبه‌دا بڵاوكراوه‌ته‌وه.
به‌یاننامه‌ی مه‌ڵبه‌ندی پێنجی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان
به بۆنه‌ی ساڵیادی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی (13/5/1987)ی هه‌ڵه‌بجه و ده‌وروبه‌ریه‌وه
به‌ناوی خوای به‌خشنده و میهره‌بانه‌وه
ئه‌مڕۆ پاش (23) ساڵ تێپه‌ڕبوون به سه‌ر ساڵیادی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی (13/5/1987)ی شاری “هه‌ڵه‌بجه” و شارۆچكه‌ی “خورماڵ”دا، سه‌ره‌تا و به‌ر له هه‌رشتێك سڵاو و ڕه‌حمه‌ت ده‌نێرین بۆ گیانی شه‌هیدان و زینده‌به‌چاڵكراوه‌كانی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه، ئه‌و یاده بۆ گه‌لی كورد به گشتی و خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه و خورماڵ به تایبه‌تی، له لایه‌كه‌وه جێی ئه‌وه‌یه كه پیرۆزبایی له یه‌كتر بكه‌ین بۆ ئه‌و هه‌نگاوه جوان و ئازایانه و بوێرانه‌ی كه له‌و ڕۆژه‌دا ڕۆڵه ئازا و ئازادیخوازه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه نایان و دژی زوڵم و سته‌می ناڕه‌وای ڕژێمی دیكتاتۆری به‌عس و “سه‌ددام”ی خوێن‌ڕێژ و سته‌مكار وه‌ستانه‌وه و ڕاپه‌ڕینێكیان به‌رپاكرد و چیدی له‌و سته‌مه یه‌ك له دوای یه‌كانه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته دیكتاتۆره بێده‌نگ نه‌بوون، له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ئه‌م یاده بیره‌وه‌رییه‌كی تاڵ و ناخۆشی سته‌م و ناهه‌قییه‌كانی ئه‌و ڕۆژگارانه‌مان بیر ده‌خاته‌وه كه ئه‌و ڕاپه‌ڕینه بووه مایه‌ی شه‌هیدبوون و بریندار بوون و زینده‌به‌چاڵكردنی ده‌یان هاووڵاتی بێ تاوانی مه‌ده‌نی ئه‌م ناوچه‌یه و وێرانكردن و ڕوخاندنی گه‌ڕه‌كی “كانی عاشقان” و له‌ده‌ستدانی ماڵ و سامان و كه‌ره‌سته‌كانی ژیان و بژێوی هاووڵاتییان.
ساڵیادی ڕاپه‌ڕینه جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی (13/5/1987)ی جه‌ماوه‌ری “هه‌ڵه‌بجه و خورماڵ” و ده‌وروبه‌ری، یه‌كێكه له وێستگه‌كانی شكاندنی قوفڵی سته‌م و چه‌وساندنه‌وه و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دیكتاتۆرییه‌ت و ناعه‌ده‌له‌تی، كه ئه‌و ڕاپه‌ڕینه له لایه‌كه‌وه بووه هۆی ده‌ركه‌وتنی زیاتری سته‌مه‌كانی ڕژێمی به‌عس و نیشاندانی نییه‌تی خراپ و ڕووی ڕه‌شی تاوانكاران و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه بووه هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ناڕه‌زایی و به‌هێزبوونی ڕۆحی به‌ره‌نگاری و خه‌باتگێڕی خه‌ڵكی ئازادیخوازی دژ به سته‌م و چه‌وساندنه‌وه.
بۆیه پێویسته له سه‌ر حكومه‌تی ناوه‌ندی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رجه‌م لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان كه له هه‌وڵی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانه ماددی و مه‌عنه‌وییه‌كانی ئه‌و دۆسیه‌یه‌دا بن و شه‌هید كردن و زینده به چاڵكردنی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی “هه‌ڵه‌بجه و خورماڵ” به هه‌وڵێكی جینۆساید و له‌ناوبردنی گه‌له‌كه‌مان بناسێنن.
ئه‌مڕۆ له كات و هه‌ل و مه‌رجێكدا ساڵیادی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌ی خه‌ڵكی “هه‌ڵه‌بجه و خورماڵ” ده‌كه‌ینه‌وه كه هاوكاته له‌گه‌ڵ كۆتایی هاتنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و هه‌وڵه چڕه‌كانی لیسته سه‌ركه‌وتووه‌كان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق، كه ئومێده‌وارین حكومه‌تی ئه‌مجاره زیاتر ببێته مایه‌ی به‌رقه‌راربوونی ئاشتی و ئاسایش و ئارامی وڵات به گشتی و ده‌سته‌به‌ربوونی مافه‌كانی گه‌لی كوردستان به تایبه‌تی.
سوپاسی خوای ده‌وێت و جێی خۆشحاڵییه كه لیسته سه‌ركه‌وتووه‌كانی كوردستانیش ئه‌مجاره ده‌ویسترێ به یه‌ك ده‌نگ و به كارنامه‌یه‌كی پێشوه‌خت و به شێوازێكی جددی تر له جاران بچنه به‌غدا و به‌شداری حكومه‌ت بكه‌ن و داكۆكی له مافه‌كانی گه‌لی كوردستان و هه‌رێمه‌كه‌مان بكه‌ن، كه هه‌موو لایه‌ك ئاواته‌خوازین سه‌ركه‌وتوو بن و نموونه‌یه‌كی جوان پێشكه‌ش بكه‌ن.
مه‌ڵبه‌ندی پێنجی
یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان
(13/5/2010)
Read Full Post »