سه‌روه‌ریی عێراق و دۆسێی دوورخراوه‌كان
راپۆرت: سه‌ڵاح سالار
salahsalar@yahoo.com
ره‌تكردنه‌وه‌ی به لێشاوی ناوی كاندیده‌كانی په‌رله‌مانی عێراق، گێژاوێكی دروستكرد و گرفتێكی گه‌وره‌ی خسته به‌رده‌م پڕۆسه‌كه، به‌ڵام بڕیاری گێڕانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م دوورخراوه‌كان به‌هه‌مان لێشاو، لایه‌نێكی دیكه‌ی كێشه‌كه‌ی تووشی شۆك كرد، پرسیارێكی زل قوت بووه‌وه، ئه‌گه‌ر به‌عسیی نیین بۆ دوور خرانه‌وه؟ ئه‌گه‌ر به‌عسییشن بۆچی گه‌ڕێنرانه‌وه؟!
دیكتاتۆریه‌تی دیموكراسییانه
زمكان عه‌لی پسپۆڕی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و مامۆستای زانسته رامیارییه‌كان له زانكۆی سلێمانی ده‌ڵێت: “ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگاداری ده‌ستووری عێراق بم، ئه‌وانه‌ی به‌شداریی عه‌مه‌لییان له حزبی به‌عسدا هه‌بووه، نابێت به‌شداریی له پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراقدا بكه‌ن، به‌ڵام به‌عسیی كێیه؟ بۆ ئێستا به‌عسییبوون گوناهێكی گه‌وره‌یه، به‌ڵام بۆ كاتی خۆی (به‌ده‌ر له‌وه‌ی كه من كوردم و به‌عس به‌رانبه‌رمان چه‌ند خراپ بووه)، سه‌رچاوه‌ی ژیان بووه بۆ زۆر كه‌س، كاتی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور بڕیاری دوورخانه‌وه‌ی به‌عسییه‌كان درا، كێ به‌هێز بوو ئه‌گه‌ر له‌رووی دیموكراسییشه‌وه بووبێت كه شیعه‌كان زۆرینه بوون، به‌هۆی ئه‌و هه‌موو رقه‌ی به‌رانبه‌ر به‌عس هه‌یانبوو به قازانجی خۆیان دایانڕشته‌وه، ئه‌مه‌ش حیقدێكی تێدایه به‌رانبه‌ر به سوننه‌كان كه به‌عسییه‌كان زیاتر له‌وان بوون”.
كاتێك هاشمی سه‌ردانی ئه‌مریكای كرد، یه‌كسه‌ر بڕیاری گه‌ڕێنرانه‌وه‌ی ناوی كاندیده دوورخراوه‌كان ده‌رچوو، لێره‌دا پرسیار له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ی پێشوو هاته گۆڕێ، ئایا بڕیارێكی یاسایی، یان سیاسیی رووت بوو؟ رۆڵی ده‌ستوور له‌م قۆناغه هه‌ستیاره‌دا چی بوو؟
به بڕوای عه‌بدوڕڕه‌حمان كه‌ریم ماسته‌ر له فیكری سیاسیی و مامۆستای زانسته رامیارییه‌كان، له زانكۆی سلێمانی “پێویست وابوو ئه‌و كه‌سانه‌ی مه‌رجه‌كانی خۆكاندیدكرنیان تێدا نه‌بێت دوور بخرێنه‌وه، ئه‌گه‌ر به به‌عسییبوون بێت، یان به نه‌بوونی نه‌زاهه، یان شیاویی ته‌واو، یاخود نه‌بوونی بڕوانامه‌و ئه‌و زانیارییانه‌ی پێشكه‌شیان كردووه، به‌ڵام دیاره یاسا ره‌چاو نه‌كراوه”
چاودێران سیاسیی پێیان وابوو ده‌ستی ده‌ره‌كی له كێشه‌كه‌دا روون و دیاره، بۆیه نوری مالیكی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق هۆشداریی دایه باڵیۆزی ئه‌مریكا كه سنووری كاری دیبلۆماسیه‌ت تێنه‌په‌ڕێنێت. “بڕیاره‌كان به‌هه‌ندێك رێككه‌وتنی سیاسیی كه ستراتیژییه‌كی پێوه دیار نییه‌و به‌رژه‌وه‌نییه‌ك به‌ده‌ست نایه‌نێت، جگه له‌وه‌ی كه ده‌توانین بڵێین وه‌كو دانیشتنێكی دیوه‌خانانه ده‌رده‌كرێن، ده‌بوو ده‌سته‌ی نه‌زاهه به‌عسییه‌كان و ئه‌وانه‌ی تانه لێدراو‌ن به تۆمه‌تی شه‌ره‌ف، نه‌بوونی ره‌وشتێكی ته‌واو، ئه‌وانه‌ی بڕوانامه‌كانیان ته‌زویره‌و ئه‌وانه‌ی كێشه‌یه‌كی نه‌زاهه‌ی مالییان هه‌یه، لێك جیا بكردایه‌ته‌وه”.
به‌ڵام پسپۆڕه‌كه‌ی په‌یوه‌نییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له زانكۆی سلێمانی ده‌ڵێت: “راستییه‌كه‌ی ئێستا گه‌وره‌ی عێراقییه‌كان عێراق نییه، به‌ڵكو ئه‌مریكایه، دڵنیابه هه‌ر بڕیارێكی عێراقی ئه‌گه‌ر دژ به‌به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا بوه‌ستێته‌وه، ئه‌گه‌ر سیاسییه‌ن چاره‌سه‌ری نه‌كات، له رووی سه‌ربازییه‌وه ته‌داخول ده‌كات، هه‌مووكه‌س ده‌زانێت هه‌ر لایه‌نێكی عێراقی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا رێككه‌وتن ده‌كات بۆ قازانجی خۆیه‌تی، چونكه عێراقییه‌كان هیچیان به‌ده‌سته‌وه نییه و ئه‌مریكا به‌هێزترین بڕیاربه‌ده‌سته. شیعه‌كانیش بۆ مه‌به‌ست رێككه‌وتنی تاریق هاشمیی و ئه‌مریكا ده‌وروژێنن”.
ده‌ستێوه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌مریكا بۆچی؟
پاش رێككه‌وتنه ئه‌منییه‌كه‌ی عێراق ـ ئه‌مریكا چاوه‌ڕێ ده‌كرا سه‌روه‌ریی بۆ عێراق بگه‌ڕێته‌وه، به ده‌ستێوه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌مجاره‌ی ئه‌مریكا ئه‌وه‌ی وروژانده‌وه كه ئێستاش سه‌روه‌ریی عێراق له‌ده‌ستی ئه‌مریكادایه.
مامۆستا زمكان عه‌لی له‌و باره‌یه‌وه وتی: ” من دڵنیام مافی عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه زۆر پێشێل كراوه، په‌یوه‌ندییه‌كی نایه‌كسانه له نێوان لایه‌نی عێراقێكی لاواز و ئه‌مریكایه‌كی به‌هێزدا”. مامۆستا عه‌بدوڕڕه‌حمان كه‌ریمیش لای وایه ” ئه‌مریكا موعاده‌له‌ی ته‌سفیه به‌كار ناهێنێت، به‌عسی رووخاند، به‌ڵام نایه‌وێت هه‌موو به‌عسییه‌كان بكوژرێن، یاخود ته‌سفییه بكرێن، ده‌ستێوه‌ردانه‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌بوو رێگه له ته‌قینه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه بگرێت و ده‌رفه‌تێكی باشیش بوو بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه ده‌سه‌ڵاتی خۆی فه‌رز بكاته‌وه”. ده‌رباره‌ی رێككه‌وتنی ژێربه‌ژێری ئه‌مریكا و تاریق هاشمییش، ئه‌و ده‌ڵێت: “سوننه‌كان هیچ زره‌رمه‌ند نه‌ده‌بوون كه ئه‌گه‌ر ئه‌و پێنجسه‌دو یازده كه‌سه ده‌ر بكرابان، خۆ شیعه‌ی زۆریشیان تێدایه، ئه‌مریكا ئه‌وه‌نده‌ی له‌گه‌ڵ خودی ده‌وڵه‌ت ته‌عامول ده‌كات، هێنده له‌گه‌ڵ كیانه‌كانی عێراقدا ته‌عامول ناكات”.
هه‌ڵبژاردن و گۆڕانكاریی نوێ
هه‌میشه چاوه‌ڕوانی گۆڕانكاریی ریشه‌یی له هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كرێت، زۆرجار پاش ماوه‌یه‌ك له پڕۆسه‌كه ده‌رده‌كه‌وێت كه وا نه‌بوو، به‌ڵام به نیسبه‌ت ئه‌مجاره‌وه وه‌ك ده‌ڵێن “مانگه‌شه‌و سه‌ر له ئێواره دیاره” له ئێستاوه چاوه‌ڕوانی گۆڕانكارییه‌كی دڵخۆشكه‌ر به نیسبه‌ت جه‌ماوه‌ره‌وه ناكرێت.
“به بۆچوونی من گۆڕانكاریی زۆر ئه‌سته‌مه، هۆكاری سه‌ره‌كی بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕانكاریی دروست نه‌بێت لایه‌نێكی ده‌ره‌كی زۆر به‌هێزه، وه‌ك ئه‌مریكا و به‌ریتانیا. هه‌ر حكومه‌تێك دروست ببێت دژ به پێكهاته‌كه‌ی تری عێراق، لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی عێراق قه‌بوڵی ناكه‌ن، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌منیه‌تی ئه‌وان باش نییه، به‌تایبه‌ت به‌ریتانیا زۆر جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه هه‌ر ته‌وافوق بێت، بۆیه من رام وایه ئێستا هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ش لابه‌ریت حاڵی عێراق هه‌روه‌ك خۆیه‌تی، چونكه عامیلی ده‌ره‌كی ئه‌وه‌نده به‌هێزه‌و ده‌یانه‌وێت ته‌وافوق هه‌بێت، بۆیه گۆڕانكاری نابینم، قسه‌ی پڕۆفیسۆرێكی ئه‌مریكییم لایه كه تازه‌ترین وتاریه‌تی ده‌ڵێت: “كاتێك دیموكراسیی ده‌گاته عێراق كه‌م له‌و عێراقییانه‌ی ئێستا زیندوون، له‌وێ ده‌بن كه بێن پێشوازیی لێ بكه‌ن، كاتێك دیموكراسیی ده‌گاته عێراق، شتێك نه‌ماوه ناوی عێراق بێت”. ئه‌مه وته‌ی زه‌مكان عه‌لی مامۆستای زانكۆی سلێمانی بوو. عه‌بدوڕڕه‌حمان كه‌ریم پسپۆڕی فیكری سیاسیی له زانكۆی سلێمانی ده‌ڵێت: “هیوادارم گۆڕانكاری پۆست و كه‌سه‌كان رووبدات، ئه‌گه‌ر به‌ره‌و دوا نه‌گه‌ڕێینه‌وه، له سیاسه‌تدا پیاو ناتوانێت پێشوه‌خت به‌ته‌واوی شته‌كان یه‌كلا بكاته‌وه، ئه‌گه‌ر عێراق نه‌گه‌ڕێته‌وه به‌ره‌و مه‌ركه‌زیی و حكومه‌تێكی تۆتالیتاری ئه‌وه شتێكی باشه، كه هیوادارم وا نه‌بێت”.
بڵاوکراوەتەوە لە بابه‌ت | Leave a Comment »
شۆڕشی گه‌لانی ئێران، له دیدگای ده‌ره‌وه‌ی خۆیان
سه‌ڵاح سالار
alahsalar@yahoo.com
چه‌ند رۆژێكی دیكه گه‌لانی ئێران یادی (31)ساڵه‌ی شۆڕشه‌كه‌یان ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وه‌ی خۆیان پێی ده‌ڵێن: “ئینقلابی ئیسلامیی”، یاخود بیره‌وه‌ری (22)ی به‌همه‌ن. ئه‌و شۆڕشه ئه‌گه‌ر چی شۆڕێكی نێوخۆیی ئێرانه، به‌ڵام ده‌كرێت خه‌ڵكی دیكه‌یش قسه‌ی خۆیانی له‌سه‌ر بكه‌ن، چونكه ئه‌گه‌رچی پێگه‌ی شۆڕشه‌كه ناوه‌كییه، به‌ڵام به رووی ده‌ره‌وه‌شدا خاوه‌نی هێزێكی ده‌ره‌كییه، ئه‌مه جگه له كۆمه‌ڵه خاڵێكی هاوبه‌شی وه‌ك: دراوسێیی، هاوئایینی و هاوده‌ردیی و .. تد.
فۆرمی شۆڕشه‌كه
ده‌بێت بۆ سه‌ره‌داوی ئه‌م قسه‌یه به‌راورد و شیكاری له نێوان راپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران و كوده‌تاكانی وڵاتانی دیكه‌دا بكه‌ین، هه‌موومان كۆمه‌ڵه كوده‌تایه‌كمان یان له بیره، یاخود وه‌ك مێژوو خوێندوومانه‌ته‌وه، عێراقی خۆمان یه‌كێك له نموونه‌كانه، كاتێك كوده‌تا، یان هه‌رناوێكی دیكه‌ی لێ بنێین، له عێراقدا رووی دا ته‌نیا كوده‌تای سه‌ربازیی تاقمێك بووه‌و هاووڵاتییان ئاگاداری ئه‌و كوده‌تایه نه‌بوون، جگه له خودی گرووپه‌كه، واته گه‌ل به شۆڕشی خۆی نه‌زانیوه‌و ته‌نیا شۆڕشی ده‌سته‌یه‌ك بووه و هیچی دی.
به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه شۆڕشی گه‌لانی ئێران ناوه‌كه‌ی به خۆیه‌وه‌یه، راپه‌ڕینێكی چه‌ند مانگه‌ی هه‌موو خه‌ڵك بوو، ئه‌مه جگه له ریشه دووره‌كه‌ی، كه به درێژایی چه‌ند مانگێك جه‌ماوه‌ر شۆڕشێكی مه‌ده‌نییان به‌ڕێوه برد، ئه‌مه‌ش خاڵێكی زۆر گرنگه، شۆڕشێكی سپیی مه‌ده‌نیی توانی حكومه‌تێكی عه‌سكه‌رتاریه‌ت شكست پێبێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌و شۆڕشه‌ی ئێران له كوده‌تاكانی وڵاتانی دیكه جیا ده‌كاته‌وه ئه‌وه‌یه كه شۆڕشی گه‌لانی ئێران كوده‌تایه‌كی خافڵگیرانه‌ی تاقمێك نه‌بوو، به‌ڵكو راپه‌ڕینێكی گشیی شه‌قام بوو، هه‌ر بۆیه پێیشی ده‌ڵێن: شۆڕشی گه‌لانی ئێران، چونكه موسڵمان، فه‌له، جوله‌كه، زه‌رده‌شتی، شیعه، سوننه، كورد، فارس، ئازه‌ری، به‌لووچ و عه‌ره‌ب و هه‌موو پێكهاته‌كانی ئه‌و وڵاته یه‌كڕا بوون له‌سه‌ر رووخانی رژێمی (شا)، ده‌توانین بڵێن تێكڕای جه‌ماوه‌ر رژابوونه سه‌ر شه‌قام و داوای گۆڕینی ئه‌و سیستمه‌یان ده‌كرد.
گه‌لێكی زیندوو
خاڵی به‌هێز زیندوویی گه‌لانی ئێرانه، كاتێك لاپه‌ڕه‌كانی مێژووی ئینقلابی ئێران هه‌ڵده‌دینه‌وه، حكومه‌تێكی سته‌مكارو داپڵۆسێنه‌ر، له‌گه‌ڵ گه‌لێكی زیندووی راپه‌ڕیوو ده‌بینین، كه به درێژایی ئه‌و چه‌ند مانگه‌ی راپه‌ڕین خه‌ڵك سارد نه‌بوونه‌وه‌و به‌رده‌وامییان به داوا ره‌واكه‌یان دا، ته‌نیا یه‌ك رۆژ به‌ر له شكستی حكومه‌ته‌كه‌ی شاپوور به‌ختیار، واته بیستویه‌كی به‌همه‌ن، پیاوانی ده‌سته‌ڵاتی (شا) قورسترین سته‌میان كرد و ئه‌و شه‌وه تا به‌یانی ته‌قه‌یان له خه‌ڵك كرد، كه‌چی بۆ به‌یانییه‌كه‌ی، یانی بیست‌و دووی به‌همه‌ن، كه به‌رانبه‌ره به یازده‌ی شوبات، دوا بزماریان دا له تابووتی دواهه‌مین شاهه‌نشایی ئێران و حكومه‌ت به ناچاری ته‌سیلم به ئیراده‌ی گه‌لێكی زیندوو بوو، ئێستاش كه ئێران به‌ده‌ست قه‌یرانی نێوخۆیی و پشێویی ناوه‌كییه‌وه گیرۆده‌یه، زیندوویی ئه‌و گه‌له هه‌ر ماوه‌و هه‌ست به‌وه ده‌كه‌یت كه رۆحییه‌تی فیداكارییان نه‌مردووه‌و زۆرجار به‌گژ ئه‌و حكومه‌ته‌دا ده‌چنه‌وه، كه به خوێنی خۆیان بنیاتیان نا، ئه‌مڕۆیش به حكومه‌ته‌كه‌ی خۆیشیان ده‌ڵێن نا، هه‌رچه‌نده دووحاڵه‌تی جیاوازن، ئه‌وی پێشوو بۆ رووخانی سیستمه‌كه بوو، به‌ڵام ئه‌می ئه‌مڕۆ ناڕه‌زاییه‌كی دیكه‌یه‌و داوای چاكسازییه، نه‌ك رووخانی سیستمی حوكم. به‌ڕاستی ئێران ده‌بێت شانازی به گه‌لێكی ئاوا زیندووه‌وه بكات، كه كوڕانی شۆڕشی پێشوو شتێك له شۆڕشه‌كه‌ی خۆیان قه‌بووڵ ناكه‌ن، كه پێی نیگه‌رانن و به ناڕه‌وای ده‌زانن، جا ئه‌گه‌ر وابێت، یان نا، كه ئه‌مه‌یان مه‌به‌ستی من نییه. گرنگ ئه‌وه‌یه ناخی خه‌ڵك نه‌ڕوخێنراوه‌و هه‌ر زیندووه‌و هه‌ر گیانفیدایه، به بۆچوونی من جیاوازییه‌كی جه‌وهه‌ریی له نێوان ئێمه‌و ئه‌واندا هه‌یه، پێموایه ده‌روونی گه‌لی ئێمه وا به‌زیوه، جا به‌هه‌ر هۆیه‌كه‌وه بێت، هه‌رگیز چاوه‌ڕوانی هاوشێوه‌یی ئه‌وانی لێ ناكرێت.
به‌های شۆڕش و گه‌لانی دی
به‌سه‌ر كه‌وتنی شۆڕشی ئێران خوێنێكی نوێ به به‌ر گیانی زۆر شۆڕشی گه‌لانی دیكه‌دا رۆیشته‌وه، شۆڕشی كورد له بێهیوایی و بێدۆستییدا بوو، به‌و شێوه‌یه دۆستێكی باشی ده‌ست كه‌وت و ئاگری شۆڕشه‌كه‌ی كڵپه‌یه‌كی گه‌وره‌ی سه‌ند، دۆزی فه‌له‌ستین له‌وپه‌ڕی نائومێدییدا بوو، پاش یه‌ك رۆِژ له‌سه‌ر كه‌وتنی شۆڕشه‌كه‌یان ئێرانییه‌كان ئاڵای ئیسرائیلیان داگرت و ئاڵای فه‌له‌ستینیان به‌رز كرده‌وه، ئینجا ئه‌و قسه‌یه‌شیان پووچه‌ڵ كرده‌وه كه ده‌سته‌ڵاتی ئیسلامیی كۆتایی هاتووه، ئێستاش پاش (31) ساڵ ئه‌و گومانه‌ی تر به درۆ ده‌خه‌نه‌وه كه حكومه‌تی مه‌لاكان دواكه‌وتووه‌و له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتن وێك نایه‌ته‌وه، هه‌ر هاوكات له‌گه‌ڵ ساڵیادی ئه‌مساڵیاندا مانگی ده‌ستكردیان هه‌ڵداو زۆر پێشكه‌وتنی تر كه رۆژانه ده‌یبینین. ده‌گونجێت هێزه ئۆپۆزسیۆنه ئێرانییه‌كان به‌م نووسینه‌ی من قه‌ڵس بن، به‌ڵام من له روانگه‌ی پارچه‌كه‌ی خۆمانه‌وه ته‌ماشای به‌رژه‌وه‌ندیی كوردستان ده‌كه‌م و كه ده‌ڵێم: هیوابه‌خشی شۆڕشی ئێمه بوون، دۆستی باش و دراوسێیه‌كی به‌كه‌ڵك بوون، بێگومان راست ده‌كه‌م، هه‌قیش به‌وان ده‌ده‌م لێم نیگه‌ران بن، چه‌نكه هه‌ریه‌كه‌مان له گۆشه‌نیگایه‌كه‌وه بۆ چرای ئه‌و شۆڕشه ده‌ڕوانین، به‌ڵام دڵنیام هه‌ر سیستمێكی دی له جیاتی ئه‌وان فه‌رمانڕه‌وایی ئێرانی كردبا حاڵی هه‌موومان خراپ ده‌بوو، له‌سه‌ر دوژمنایه‌تی و سته‌مكارییه‌كه‌ی یه‌كده‌نگ ده‌بووین، نه‌ك خیلافمان ده‌بوو.
بڵاوکراوەتەوە لە بابه‌ت | Leave a Comment »
سه‌ڵاح سالار salahsalar@hotmail.com
هه‌فته‌ی رابردووتر (زاهی حه‌واس) ئه‌مینداری ئه‌نجومه‌نی باڵای شوێنه‌واری میسریی تیشكی خسته‌وه‌سه‌ر دزینی په‌یكه‌ری شاژنه گه‌وره‌كه‌ی سه‌رده‌می فیرعه‌ونه‌كانی میسر (نه‌فه‌رتیتی)، كه نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌كه دزراوه‌و له مۆزه‌خانه‌یه‌كی ئه‌ڵمانیا جێگیر كراوه، ئه‌مجاره‌ش وه‌ك جارانی رابردوو شوێنه‌وارناسانی میسر داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌یكه‌ری شاژنه‌كه‌یان ده‌كه‌نه‌وه، نه‌فه‌رتیتی (جوانه‌كه گه‌یشت)، هاوسه‌ری (ئامونحوتیپ)ی چواره‌م بوو، كه دواتر به‌هۆی گۆڕینی بیروباوه‌ڕی ئایینه‌كه‌یه‌وه ناوی خۆی گۆڕیی بۆ (ئه‌خناتوون)، لێره‌دا مه‌ستمان گێڕانه‌وه‌یه‌كی مێژوویی نییه، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت قسه له‌سه‌ر لێكچوونێك بكه‌ین له نێوان ئه‌وێ و ئێره. له‌و رۆژه‌وه‌ی به‌عسییه‌كان جڵه‌وی فه‌رمانڕه‌وایی عێراقیان گرته ده‌ست كه ئێمه‌ش به‌شێكی لكێنراوین پێیه‌وه، ئیدی كاروانی كوشتار‌و ماڵوێرانی رووی له‌م وڵاته كرد، چاره‌كه سه‌ده‌یه‌ك زیاتره وڵات به‌های مرۆڤایه‌تیی له ده‌ستداوه، پاش پڕۆسه‌كه‌ی ئه‌مریكا كه عێراقیان له ژێر چنگی سه‌ددام رزگاركرد، دۆخی وڵاته‌كه له جیاتی ئارامیی و ئاسووده‌یی هێنده‌ی دیكه ئاڵۆز بوو، ئه‌مجاره‌یان كه‌وته به‌ر چه‌پۆكی ژماریه‌كی زیاتر و ده‌روازه‌ی پاشاگه‌ردانیی به رووی نیشتمانه‌كه‌دا كرایه‌وه. میسرییه‌كان داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌یكه‌ری سه‌روملی خاتوونه‌كه‌یان ده‌كه‌نه‌وه‌و حكومه‌تی ئه‌ڵمانیایش رایگه‌یاند ئاماده نییه ئه‌و په‌یكه‌ره بۆ ئه‌وان بگێڕێته‌وه، ئه‌مه خاڵی ململانێ و ناكۆكیی دوو وڵاته له‌سه‌ر كه‌رته په‌یكه‌رێك، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ته‌ماشایه‌كی بارودۆخی عێراق بكه‌ین ده‌بینین رۆژانه سامان و سه‌روه‌تی ئه‌م وڵاته به فیڕۆ ده‌چێت، به دیار چاوی دونیاوه وڵاتێكی ئاوا ده‌وڵه‌مه‌ند له سه‌رچاوه سروشتییه‌كان حه‌په‌لووش ده‌كرێت و ئێستا خێر‌و سه‌ده‌قه‌ی پێ ده‌شێت. ئه‌مه جگه له به تاڵانبردنی شوێنه‌واره دێرینه‌كانی عێراق، كه وه‌ك باس ده‌كرێت ده‌ستی گه‌وره به‌رپرسانیشی تێدایه و به‌بێ ئاگاداری ئه‌وان ئه‌و پڕۆسه‌ی تاڵان كردنه ئه‌نجام نادرێت. گه‌نده‌ڵیی و دزینی به‌روبوومی وڵات بووه‌ته دیارده‌یه‌كی ئاسایی و كاری رۆژانه، داهاتی وڵاته‌كه‌یش ناشه‌فانانه سه‌رف ده‌كرێت و پشكی شێری ون ده‌بێت، ئه‌وه‌یش بۆ هاووڵاتییان خه‌رج و سه‌رف ده‌كرێت زۆر كه‌متره له‌وه‌ی باس ده‌كرێت. چاره‌نووسیی عێراق و كوردستانیش هه‌ر له ژێر ته‌مومژدایه‌و تا ئێستاش روونبوونه‌وه‌ی ته‌واوی به خۆیه‌وه ده‌دیوه. خه‌ڵكی به شوێن په‌یكه‌رێكی ره‌قوته‌قی بی گیاندا عه‌وداڵه‌و حه‌فتا ساڵه به‌رۆكی به رۆژئاوا گرتووه‌و ناوبه‌ناو ئه‌ڵمانیا به‌گیر ده‌هنێت بۆ په‌یدا كردنه‌وه‌وه‌ی. ئه‌مه هاوكاته له‌گه‌ڵ ره‌وشی ناله‌باری ئێمه، لێره نه‌ك سه‌روه‌تی وڵات ونبووه، به‌ڵكو به‌های مرۆڤایه‌تی و نرخی مرۆڤیش بزر بووه، له‌وێ جه‌سته‌ی بێ گیان، لێره گیان و جه‌سته هه‌ردووكیان نادیارن، گه‌وره‌ترین به‌ها لای خودا خودی مرۆڤه، له عێراق و له په‌نای كۆمه‌ڵه دروشمێك مرۆڤایه‌تیی هه‌ڕاج كراوه‌وه یاری به بوون و كه‌رامه‌تی ده‌كرێت، خه‌ریكه ئه‌مانیش بكرێنه رۆبۆتێك و كۆنترۆڵه‌كه‌یان به‌ده‌ست دزانی خاتوو نه‌فه‌رتیتییه‌وه بێت، ده‌توانین بڵێین: ئاوا بڕوات شناسی مرۆڤ و نیشتمان و سامان و به‌ها به‌رزه‌كانمان هه‌مووی ده‌دزرێن. ده‌نگ و ره‌نگ و جوڵه‌و بیركردنه‌وه‌و تا ده‌گاته بوونمان هه‌مووی ده‌برێت و ده‌بێت چه‌ند ساڵێكی دیكه‌یش خه‌ڵكی وه‌ك په‌یكه‌ره‌كانی : ئه‌خناتوون و نه‌فه‌رتیتی و ئه‌وانی دی به‌شوێنیاندا بگه‌ڕێن.
بڵاوکراوەتەوە لە بابه‌ت | Leave a Comment »
سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌مجاره‌ی مالیكی
سه‌ڵاح سالار
salahsalar@hotmail.com
به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی میدیاكان بڵاویان كرده‌وه دوای چه‌ند هه‌فته‌یه‌كی دیكه نووری مالیكی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق سه‌ردانی كوردستان ده‌كات و له‌گه‌ڵ بارزانی و گه‌وره‌به‌رپرسانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان كۆ ده‌بێته‌وه، له‌و سه‌ردانه‌دا پرسی پێشمه‌رگه‌و چه‌ند پرسێكی دیكه تاوتوێ ده‌كرێت.
ئه‌م سه‌ردانه چاوه‌ڕوانكراوه‌ی مالیكی پاش سه‌ردانه‌كه‌ی مانگی ئابی رابردوو، دووه‌م سه‌ردانه له ماوه‌ی كه‌متر له شه‌ش مانگدا بۆ هه‌رێم، جاری پێشوو كاتێك هاته كوردستان، چه‌ندین شرۆڤه‌ی بۆ كرا، له‌وانه: بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن، مسۆگه‌ركردنه‌وه‌ی كورسییه‌كه‌ی، كاتی به‌هێزیی ئه‌و و لاوازیی هه‌رێم چونكه هه‌رێم تازه هه‌ڵبژاردنیكی گزیكاریی و پۆخڵه‌واتی ئه‌نجامدابوو، پێگه‌ی سیاسییشی له لاوازیی و نه‌نگییدا بوو.
ئه‌ی ده‌بێت ئه‌مجاره چی مه‌رامێكی سیاسییانه‌ی دیكه‌ی هه‌بێت؟ ئه‌مه ئه‌و پرسیاره ئاڵۆزه‌یه، كه ته‌نیا توێكڵه‌كه‌ی دیاره‌و كاكڵه‌كه‌یشی زۆر قسه‌وباسوخواس له خۆ ده‌گرێت، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ئه‌مجاره‌ش له‌كاتێكدا دێت بۆ كوردستان، كه پێگه‌ی كورد له رووی ناوخۆوه لاوازه‌و درز كه‌لێنه‌كان له‌ودیوی چاویلكه‌كه‌ی ئه‌ویشه‌وه ده‌بینرێن، ئه‌و سیاسیه‌تمه‌داره كارزانه دێته كوردستان به‌بێ ئه‌وه‌ی كورد پۆستی جێگره كوردییه‌كه‌ی وی پڕكردبێته‌وه، مالیكی به‌بێ هاوڕێیه‌كی كوردی جێگری سه‌رۆكوه‌زیران دێت و ئه‌ویش و هه‌موو كه‌سێكی دیكه‌یش كه به ئاسته‌م هۆشێكی تێدابێت ده‌زانێت بۆچی تا ئێستا كورد نه‌یتوانی پیاوێكی دیكه بنێرێته شوێنه‌كه‌ی دوكتۆر به‌رهه‌م ساڵح.
وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ش سانا‌و بێگرێ و گۆڵه، ئه‌ویش ناته‌بایی و رێكنه‌كه‌وتنه له‌سه‌ر كه‌سێك له‌لایه‌ن هه‌ردوو پارتییه‌كه‌ی كوردستانه‌وه، وه‌ڵام یان ئه‌و قسه‌یه‌ی شه‌قامی كوردییه كه باسمان كرد، یاخود چه‌ند شتێكی تر، بۆ نموونه: كورد ئه‌و كورسییه‌ی پێویست نییه! نه‌خێر، هه‌رگیز نه‌خێر، ئه‌مه وانییه، وته‌یه‌كی ماقووڵ نییه بڵێیت: كورد پۆستی جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی ناوێت، ئه‌ی تۆ بڵێیت پیاو ده‌ست نه‌كه‌وێت؟ ئه‌مه‌ش نه‌خێر و له‌ویش ناماقووڵ تره، كه‌واته “هه‌موو رێگاكان ده‌چنه‌وه بانه” سه‌رجه‌م قسه‌كان له ناكۆكیی و رێكنه‌كه‌وتنه‌كه‌دا قه‌تیس ده‌بن، باشه له حاڵه‌تێكی ئاوادا كورد به‌و شپرزه‌ییه‌ی له نێوماڵی خۆیدا هه‌یه‌تی، ده‌یه‌وێت به چی شتێك هێزی خۆی به‌رانبه‌ر به‌رانبه‌ره‌كه‌ی ده‌رببڕێت؟ ئه‌مه ئه‌گه‌ر پێگه‌لاوازیی نییه چ ناوێكی دیكه‌ی لێ بنێین؟
له‌وانه‌یه پشتبه‌ستن به هێزو دۆستی ده‌ره‌كیی ته‌نیا چه‌كی ده‌ستی كورد بێت، له‌مكاته‌شدا خۆ ئه‌وه وه‌ك مانگه‌شه‌و دیاره كه مالیكی ئه‌گه‌ر له ئێمه زیاتر دۆستداتر نه‌بێت، كه‌متر نییه، باشترین ده‌ستكه‌وت بۆ مالیكی و هه‌موو مالیكییه‌كانی دی، كاتكوشتنه، ده‌بێت روون و ئاشكرا ئه‌وه بزانین چۆن ساتبه‌سات ته‌ماشای مردنی كات ده‌كه‌ین، به‌وجۆره‌ش هه‌ست به‌وه بكه‌ین ته‌مه‌نی شكۆداری ئێمه‌ش له‌گه‌ڵیدا ده‌ڕوات و ئه‌وان به‌ره‌و به‌هێزیی و كوردیش مل له نشێوی ده‌نێت.
خاڵێكی دیكه له‌وانه‌یه وه‌ك جارانی دی سه‌فه‌ره‌كه ته‌نیا بۆ په‌یماننامه‌و نوێكردنه‌وه‌ی هاوپه‌یمانیی حزبه زله‌كانی عێراق بێت، وه‌ك هاوپه‌یمانییه چوارقۆڵییه‌كه‌ی پارتیی و یه‌كێتیی و ده‌عوه‌و ئه‌نجومه‌نی باڵا، ئه‌گه‌ر دوایی حزبی ئیسلامی عێراقیشی نه‌چێته‌سه‌ر بێگومان هاوپه‌یمانییه‌كی دیكه‌ش بۆ ئه‌وان رێ ده‌خرێت، بریا له بری هه‌ر هاوپه‌یمانییه‌ك، جارێ لێره ململانێ ناوخۆییه‌كان چاره كرابان، هاوپه‌یمانیی حزبه گه‌وره‌كان پێكه‌وه مه‌ودای دیموكراسیی و ئازادیی ئه‌وانی دی به‌رته‌سك ده‌كاته‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌م هاوپه‌یمانییانه بۆ یه‌كڕیزیی و چاره‌ی ئاریشه‌كانه، ئه‌وا بۆ هه‌موو لایه‌نه‌كان بێت باشتره، ئه‌گه‌ر بۆ رێككه‌وتنه‌یش له‌سه‌ر دانانه‌وه‌و مانه‌وه‌ی كورسییه‌كانه بۆ خۆیان، ئه‌مه‌ش واتا قۆرخكردنێكی دیموكراسییانه‌یه‌و هیچی تر، با جارێ چاوه‌ڕوان بین، تا كاتی ئه‌و سه‌ردانه دێته پێشه‌وه، چونكه وڵات یه‌كپارچه‌یه له مه‌حاڵ، شیكاریی و شیمانه‌ی پێشتر نایپێكێت و به چركه‌و سات كه‌ش و هه‌واكه ده‌گۆڕێت.
بڵاوکراوەتەوە لە بابه‌ت | Leave a Comment »
“كاتی چزوبز ده‌مانكه‌ن به دز، كاتی كۆچ و بار ده‌مانكه‌ن به یار”
سه‌ڵاح سالار
پارتیی و یه‌كێتیی داوایان له لیسته‌كانی كوردستان كرد به یه‌ك لیست به‌شداریی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بكه‌ن، لیسته خاوه‌ن پایه‌و جه‌ماوه‌رییه‌كانیش ره‌تیان كرده‌وه.
ئه‌مه تا ئێره ئاساییه، به‌ڵام خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ داواكارییه‌كه‌یان جێگه‌ی رامانه، هه‌روه‌ها چاوه‌ڕوانیكردنیش بۆ هه‌ڵمه‌تی پڕوپاگه‌نده له ئارادایه، ئه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ستم پڕوپاگه‌نده‌كردن بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كه نییه، به‌ڵكو مه‌به‌ستم هێرشكردنه بۆ سه‌ر لایه‌نه‌كانی به‌شدار نه‌بوو. ئه‌و دوو حزبه له كاتی مۆنۆپۆلكردنی ده‌سته‌ڵات و قۆرخكردنی سه‌روه‌ت و سامانی وڵات و هه‌رشتێكی دی كه خه‌نییان بكات، كه‌سیان بیر نییه‌و تا ئه‌و كاته‌ی بزانن براوه‌ی یه‌كه‌م خۆیانن كه‌س داوه‌ت ناكه‌ن و پێویستیان به برایه‌تی دیكه نییه، به‌ڵام كاتێك هه‌ستیان كرد په‌زه‌كانیان به‌ر زه‌ره‌ر ده‌كه‌وێت، ده‌كه‌ونه به‌رزكردنه‌وه‌ی دروشمگه‌لێك كه له‌ناخه‌وه باوه‌ڕیان پێی نییه‌و هه‌زارو یه‌ك ته‌ئویل بۆ قسه‌كانیان ده‌كه‌ن.
بۆ نموونه من له‌به‌رچاومه سبه‌ینێ ده‌ست ده‌كه‌ن به بانگه‌شه‌ی سه‌یر سه‌یر، گوایه لیستی جودا زیان به كێشه‌ی كورد ده‌گه‌یه‌نێت! به‌ڵام ده‌بێت بزانین پێشتر كۆمه‌ڵی ئیسلامیی و دواتریش یه‌كگرتووی ئیسلامیی به جیا دابه‌زین و نه‌ك زیانیان بۆ كورد نه‌بوو، به پێچه‌وانه‌وه سوودیشیان هه‌بوو، ئێستاش هه‌روا ده‌بێت.
له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان خۆیان دووبه‌دوو دابه‌زین و كه‌سیان داوه‌ت نه‌كرد، چونكه لیسته گه‌وره‌كان لێیان یاخی بووبوون، دیاره كاریشیان به بچووكه‌كان نه‌بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ویستیان كوردستان هه‌ر قۆرخی ده‌سته‌ڵاتی خۆیان بێت، بۆیه ئاره‌زووی برابه‌شییان نه‌كرد، نه له كیسه‌و نه له لیست، برای دیكه‌یان نه‌ویست.
ئه‌و دوو لایه‌نه سه‌ره‌كییه تا ئه‌و جێیه‌ی خۆیان كاریان بڕوات پێیان وا نییه ساحه‌كه كه‌سی دیكه‌ی تێدا بێت، سه‌رۆكی هه‌رێم به‌بێ ئه‌وه‌ی نه‌ك لایه‌نه‌كان، به‌ڵكو په‌رله‌مانیش ئاگادار بكات هه‌موو جارێك سه‌فه‌ر ده‌كات و كه هاته‌وه كۆیشیان ده‌كاته‌وه‌و حیكایه‌تی سه‌فه‌ره‌كه‌یان بۆ ده‌گێڕێته‌وه، له‌سه‌ر بچووكترین راپۆرت و ره‌خنه‌یش كه ته‌نكترین بواری چۆمی دیموكراسییه، ئه‌نجومه‌نی باڵای پارته سیاسییه‌كان هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌و ئاگاداریشیان ناكاته‌وه، ئه‌مه له كاتێكدا گوایه لێره رووباری دیموكراسی هه‌ڵی كردووه‌و به‌ره‌و شوێنانی دیكه‌ش له‌به‌ری ده‌ڕوات! به‌ڵام كاتێك فشاری زه‌مانه ناچاریان ده‌كات خه‌ڵكیان بیر ده‌كه‌وێته‌وه‌و ده‌ڵێن وه‌رن با مشورێكی بارودۆخه‌كه بخۆین، كه هه‌وره ره‌شه‌كه‌ش ره‌وییه‌وه ده‌چنه‌وه سه‌ر قه‌وانه‌كه‌ی پێشوو، كار ده‌گاته ئه‌وه‌ی بڵێن “كێ دێت به‌خێر بێت و كێیش نایه‌ت به‌خێر نه‌یه‌ت”!
ئیدی ئه‌مه دیالۆگی دیموكراسیی و فره‌ڕه‌نگیی و رێزدانانه بۆ مرۆڤ، وه‌ك وتراوه “خوا خراپه‌ی خراپتر نه‌دات” ده‌سته‌ڵاته‌كه‌ی ئێمه كاتی چزوبز ده‌مانكات به دز، كاتی كۆچ و باریش ده‌مانكات به یار!
بڵاوکراوەتەوە لە بابه‌ت | Leave a Comment »
موسا‌و پیره‌ژن *
سه‌ڵاح سالار
salahsalar@gmail.com
ئه‌و شه‌وه‌ی (میسر) یان به‌رو (شام) به جێهێشت، په‌یامبه‌ر مو‌سا (دروودی خوای لێ بێت) له‌گه‌ڵا هاوه‌ڵانیدا له ناكاو رێگایان لێ ونبوو، ئه‌ویش پرسیی ئه‌وه‌چی روویداوه؟ زاناكان وتیان ئێمه له یادمان چوو، حه‌زره‌تی (یوسف) په‌یمانێكی له ئێمه سه‌ندووه هه‌ركاتێك میسرمان جێهێشت ته‌رمه‌كه‌ی ئه‌و له‌گه‌ڵا خۆمان ببه‌ین بۆ شام، هۆی ئه‌وه‌یه رێمان ونكردووه، مو‌سا پرسیی گۆڕه‌كه‌ی له كوێیه؟ وتیان: ته‌نها پیره‌ژنێك ده‌یزانێت، كاتێك رۆیشتن بۆ لای پیره‌ژنه‌كه، حه‌زره‌تی (مو‌سا) داوایكرد شوێنی گۆڕه‌كه‌یان پیشان بدات، ئه‌ویش وتی: سوێند به خوا تا داواكارییه‌كه‌م جێبه‌جێ نه‌كه‌یت پێت ناڵێم، وتی: داواكارییه‌كه‌ت چییه؟ وتی: ده‌بێت له‌گه‌ڵا خۆت بمبه‌یت بۆ به‌هه‌شت، مو‌سا (دروودی خوای له‌سه‌ر بێت) داواكارییه‌كه‌ی به‌لاوه سه‌خت بوو، خوای گه‌وره نیگای بۆ نارد كه به‌ڵێنی پێبدات، ئیدی پیره‌ژنه‌كه‌ش ئه‌وانی برد بۆ سه‌ر ده‌ریاچه‌یه‌ك گۆڕه‌كه‌ی پیشاندان، كه له ژێر گۆلاوێكدا بوو ، ئه‌وانیش ته‌رمه‌كه‌ی حه‌زره‌تی یوسف یان ده‌رهێنا (دروودی خوای له‌سه‌ر بێت)، له‌گه‌ڵ خۆیان به‌ره‌و شام بردیان، له رێگه ته‌رمه‌كه‌ی وه‌ك تیشكی رۆژ ئه‌دره‌وشایه‌وه.
سه‌رچاوه:
صحیح قصص الرسول
تألیف: سعد یوسف محمود أبو عزیز ـ ج(3).
* له ژماره (326)ی رۆژنامه‌ی (كۆمه‌ڵ) بڵاو كراوه‌ته‌وه.
بڵاوکراوەتەوە لە گۆشه | Leave a Comment »
ده‌ردی لوتبه‌رزیی *
سه‌ڵاح سالار
salahsalar@gmail.com
مو‌سا په‌یامبه‌ر (دروودی خوای لێبێت) به قه‌ومه‌كه‌ی فه‌رموو: ئه‌رێ ئه‌وه‌چییه ئێوه پۆشاكی زانایان ده‌پۆشن‌و دڵیشتان دڵی گورگانه؟! به‌ڵكو به‌رگی پاشایان له‌به‌ركه‌ن، به‌ڵام با ترسی خودا له ناو دڵتان‌دا بێت، په‌یامبه‌ری ئیسلام (درودی خوای لێبێت) ده‌فه‌رموێت: هه‌ركه‌س به ئه‌ندازه‌ی ده‌نكه خه‌رته‌له‌یه‌ك خۆبه‌زلزانی له‌دڵیدا هه‌بێت، ناچێته به‌هه‌شته‌وه.
كاتێك هه‌ژاران ده‌چوون بۆ لای ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان بۆ هاوكارییكردن، ئه‌وانیش به لوتبه‌رزیی خۆیان، دڵیان ده‌شكاندن، خودای گه‌وره له سوره‌تی (التوبه) ده‌فه‌رموێت: ده‌بێت زێڕو زیوه‌كانیان سوور بكه‌ینه‌وه‌و نێوچاوان‌و ته‌نیشته‌كانیان‌و پشتیانیان پێ داخ بكه‌ین*.
دیاره كاتێك، ئه‌وان داوای یارمه‌تییان لێكردوون، ده‌وڵه‌مه‌نده خۆبه‌زلزانه‌كان، ناوچاوانیان گرژكردووه‌و روویان وه‌رچه‌رخاندووه‌و پشتیان تێكردوون، خوای به‌رزیش بڕیاریداوه به سامانه‌كانیان، هه‌رسێ شوێنه‌كانیان داخ بكات.
هه‌ر ئه‌وه‌شه وا ده‌كات، پێغه‌مبه‌ری خوا ده‌فه‌رموێت: لوتبه‌رزی كاره‌باشه‌كان پووچه‌ڵا ده‌كاته‌وه، وه‌ك چۆن سركه هه‌نگوین خراپ ده‌كات.
* سوره‌تی (التوبه ـ 35)
سه‌رچاوه: تفسیر قران العڤیم
تالیف: ابن كپیر
* له ژماره (325)ی رۆژنامه‌ی (كۆمه‌ڵ) بڵاو كراوه‌ته‌وه.
بڵاوکراوەتەوە لە گۆشه | Leave a Comment »
پیاوێكی گه‌وره، ده‌نگێكی كزۆڵ*
سه‌ڵاح سالار
salahsalar@gmail.com
كه نه‌هه‌نگه‌كه قووتییدا، یونس، (سه‌لامی خوای لێبێت) فه‌رموی: (لَّا إِڵهَ إِلَّا أَنتَ سُبْحَانَكَ إِنِّی كُنتُ مِنَ الڤَّالِمِینَ) ئه‌و نزایه به ده‌وری عه‌رشی په‌روه‌ردگاردا خولایه‌وه، فریشته‌كان وتیان: په‌روه‌ردگارا ئه‌و ده‌نگه كزۆڵه نه‌ناسراو نییه كه له شوێنێكی نامۆوه دێت، خوای گه‌وره فه‌رمووی: نازانن كێیه، وتیان: په‌روه‌ردگار نازانین كێیه، فه‌رمووی: ئه‌وه یونس به‌نده‌ی منه. وتیان: یونس ئه‌و به‌نده‌یه كه تا ئێستاش كرداری چاك و وه‌رگیراو به‌رز ده‌كاته‌وه، ئایا ئه‌ی په‌روه‌ردگار به‌زه‌ییت پێیدا نایه‌ته‌وه له كاتێكدا ئه‌و له‌كاتی خۆشیی‌و ئاسایی‌دا یادی تۆی كردووه‌و ئێستاش له حاڵه‌تی ناڕه‌حه‌تییدا هانات بۆ دێنێت؟
خوای گه‌وره‌ش فه‌رمووی: به‌ڵێ، فه‌رمانی به نه‌هه‌نگه‌كه كرد هه‌ڵیهێنایه‌وه‌و رزگاری بوو.
سه‌رچاوه: تفسیر القرا‌ن العڤیم
نووسینی: ابن كپیر
* له ژماره (306)ی رۆژنامه‌ی (كۆمه‌ڵ) بڵاو كراوه‌ته‌وه.
بڵاوکراوەتەوە لە گۆشه | Leave a Comment »
منیش بۆ ئه‌وه ده‌گرییم *
سه‌ڵاح سالار
salahsalar@gmail.com
جارێك (حه‌سه‌نی به‌سریی) (ره‌حمه‌تی خوای لێبێت) به‌شداریی ناشتنی ته‌رمێكی كرد، له‌و كاته‌ی جه‌سته‌ی مردووه‌كه خرایه ناو گۆڕ‌و خاك‌و خۆڵیان كرد به‌سه‌رییدا، ئیتر شێخ حه‌سه‌نی به‌سریی زانیی ئێستا كاتی پرسیار‌و وه‌ڵام ده‌ستپێده‌كات، ئه‌و مردووه ته‌نانه‌ت گوێی له ته‌قه‌ی خاكه‌ناز‌و خۆڵبه‌سه‌رداكردنی خۆیه‌تی، ده‌ستی به گریان كرد‌و پشتی كرده گۆڕه‌كه، كاتێك وه‌رچه‌رخا، پیاوێك له پشتیه‌وه وه‌ستابوو، روویان له یه‌ككرد، شێخ حه‌سه‌ن پرسیی: تۆ ده‌زانییت ئێستا چی له‌و گۆڕه‌دا رووده‌دات؟ وتی: به‌ڵێ، پرسیاری خودا‌و پێغه‌مبه‌ر‌و ئایین‌و ئه‌و شتانه‌ی لێده‌كرێت، ئه‌گه‌ر چاكه‌كار بێت به جوانیی‌و بێگرێ‌و گۆڵا وه‌ڵام ده‌داته‌وه، ئه‌گه‌ر خاوه‌نی كاری خراپیش بێت هیچ نازانێت، داوا ده‌كات خوایه بمگێڕنه‌وه بۆ سه‌ر زه‌ویی، به‌ڵێن بێت له چاكه به‌ولاوه كاری تر نه‌كه‌م، شێخ حه‌سه‌نی به‌سریی وتی: ئه‌ی دێته‌وه بۆ سه‌ر ئه‌م زه‌مینه؟ وتی: بێگومان نه‌خێر.؟ ئینجا حه‌سه‌نی به‌سری وتی: من بۆ ئه‌وه ده‌گرییم، ده‌ی كه‌وایه تۆش كاری چاك‌و خواپه‌رستی بكه، نه‌بادا ئه‌و پرسیار‌و وه‌ڵامانه لای تۆش هه‌مان شت بێت، هه‌ر لێره‌وه بزانه نایه‌یته‌وه بۆ سه‌ر زه‌ویی‌و په‌كت ده‌كه‌وێ.
* له ژماره (323)ی رۆژنامه‌ی (كۆمه‌ڵ) بڵاو كراوه‌ته‌وه.
بڵاوکراوەتەوە لە گۆشه | Leave a Comment »