جاران پیره‌ژن و پیره‌پیاوه‌كان نووقڵانهیان بۆ هه‌ندێك وشه‌و ژماره‌و رووداو لێده‌دا، بۆنموونه له‌كاتی سه‌فه‌ركردندا یه‌كێك پژمه‌یه‌كی لێبدایه ده‌یانووت: سه‌بری هێنا سه‌فه‌ره‌كه ناكه‌ین، شه‌ڕێكمان دێته‌ڕێ، ئه‌گه‌ر پژمهكه ببوایه به دوو، ده‌یانوت جه‌ختی لێدا خێرمان دێته‌ڕێ و به شادمانییه‌وه ده‌چوون بۆ گه‌شت و كاروانه‌كه‌یان، له ژماره‌شدا زۆر شتیان به‌كار ده‌هێنا، یه‌كێك له‌و ژمارانه‌ی چاره‌ی ره‌شبوو، ژماره (13)ی داماو بوو، ئیتر ده‌نگی بایه‌قووش و هاتنی كه‌روێشك و رێوی بۆ سه‌ره‌ڕێگه‌ی رێبواران با بوه‌ستێت، كه ئه‌و دوانه‌ی دواییش وه‌ك پژمه‌كه‌ی پێشوو حساباتی جیایان بۆ ده‌كرا.
بۆ ئه‌وه سه‌رده‌مه‌ی خورافه‌و جه‌هل باڵی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا كێشابوو، نه‌نگییه‌ك نه‌بوو، چونكه ئاستی رۆشنبیریی و مه‌ودای تێگه‌یشتنی هاووڵاتییان هێنده‌بووه كه جێگه‌ی زۆر شتی دیكه‌ی له‌و بابه‌تانه‌ی تێدا ببێته‌وه، به‌ڵام كاره‌سات لێره‌وه كاروانه‌كه‌ی به‌ڕێ ده‌خات و ئالێره‌وه گوێمان له زه‌نگی ئه‌و كاروانه دواكه‌تووه ده‌بێت، كه له سه‌ده‌ی بیست و بیستویهكهم دا حزبه‌كان پشت به‌و نوقڵانه و ئه‌زموونانه ببه‌ستن، ئه‌وه‌شی تووشی شۆكمان ده‌كات حزبێكی گه‌وره‌ی خاوه‌ن زۆرترین نفووز و درێژترین ته‌مه‌نی خه‌باتی سیاسیی كوردیی، له‌م رۆژگاره‌ی ئێستادا كه زاراوه‌ی جیهانگیریی له‌سه‌ر رووپه‌ڕی هه‌موو بڵاوكراوه‌كاندا ده‌چێت به چاوی خوێنه‌ردا، ئه‌و به هه‌موو شانازییه‌وه بڕوای به شوومی ژماره‌یه‌ك هه‌بێت.
ئه‌مه له كاتێكدا پارتی دیموكراتی كوردستان كه هه‌ڵگری فیكری دیموكراسیی و خۆی به بانگه‌شه‌كارێكی گه‌وره‌ی عه‌وله‌مه‌و پێشكه‌وتن و زۆر ده‌سته‌واژه‌ی دیكه ده‌زانێت، كه هه‌میشه كادرانی تانه له خه‌ڵكی دیكه ده‌ده‌ن و به كۆنه‌په‌رستیان ده‌زانن، به‌ڵام زۆر سه‌یرو جێگه‌ی سه‌رنج و تێڕامانه بۆ پارتیی كه بڕوای به وه‌ها دروشمگه‌لێك هه‌بێت، بۆ نموونه تا ئێستا پارتی لقی سیازده‌ی نییه، دوای دوازده بازێكیان داوه بۆ چوارده، كۆنگره‌ی سیازدهشیان نییه، هه‌موو كۆنگره‌كانیان به ژماره پۆلێن كراوه تا دوازده، به‌ڵام له لێدوان و دیمانه‌ی سه‌ركرده‌كانیان ده‌ڵێن ئه‌م كۆنگره‌یه ناوی سیازده نییه، له‌وانه‌یه ناوێكی دیكه‌ی لێبنێن، من نازانم ئه‌م بۆچوونانه تا چه‌ند له‌گه‌ڵ ره‌وتی خێرای پێشكه‌وتنی ئه‌م چه‌رخه‌دا ده‌گونجێت! ده‌پرسم ئه‌گه‌ر حزبێكی دیكه وه‌های بگوتبا چیان پێ ده‌گوت؟ چۆن ده‌هۆڵی دواكه‌وتووییان بۆ ده‌كوتی؟
له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو باوه‌ڕه بهتینهیان به‌و خورافاتانه، كه‌چی ئه‌مجاره تێكه‌وتن، لیستێكیان پێكهێنا بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له (13) حزب و گرووپ پێكهاتبوو، نازانم چۆن لیستێكی ئاوایان په‌سه‌ند كرد، ده‌بوو وردتر بیریان بكردایه‌ته‌وه و په‌له‌په‌لی هه‌ڵبژاردن لائیحه و یاساكه‌یان له یاد نه‌باته‌وه، ده‌بوو یان حزبێكیان بكرادیهته ده‌ره‌وه، یان ئه‌گه‌ر به تۆپزییش بووه بیانكردایه به چوارده، ئه‌گه‌ر كه‌سیشیان ده‌ست نه‌كه‌وتبێت زۆر ئاسانه، یان ئه‌و حزبانه‌ی به ده‌ستێوه‌ردانی خۆیان پارچه‌پارچه‌یان كردن له‌حیم بكه‌نه‌وه، یان دانه‌یه‌كی دیكه‌یش بكه‌ن به دوو كه‌رته‌وه، خۆ له‌مه‌یاندا پسپۆڕن، به‌ڵام ئه‌فسووس له كیسیان چوو، مه‌لی فڕیو جارێكی دیكه ناگه‌ڕێته‌وه بۆ ناو ده‌ستی خاوه‌نه‌كه‌ی، بۆ نه‌گه‌به‌تی لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا پاشه‌كشه‌ی زۆری كردووه‌و ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر یاساكه‌ی خۆشیان ئه‌وانیش دووكهرتیان بكه‌یت بوونه‌ته حزبی كه‌مینه وه‌ك ئه‌وانه‌ی ئه‌وان پێشتر پێیان ده‌وتن حزبی بچووك، ته‌نانه‌ت له بوغراییدا زۆركادیریان ده‌شیان وت: “حزبۆكه”. بۆیه ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بیروبۆچوونه نوێخوازییه‌كه‌ی پارتیی تێڕوانینی رێژه‌ی هه‌ڵبژاردن بكه‌ین، ده‌بێت بڵێیین به ڕاستیی (13) شوومه. ئه‌گه‌ر نكووڵی رایه‌كه‌ی منیشیان كرد و خۆیان به براوه زانی، كه من وای نابینم، ئه‌وا ده‌بێت به نهزهرییهكهی پێشوودا بچنه‌وه و ئه‌مجاره ژماره (13) بكه‌نه تابلۆ‌و له دیواری لق و ماڵه‌وه‌دا له جیاتی كوژهكهو چاوه‌زار هه‌ڵی بواسن.
لێدوانێک بنووسە