راپۆرت: سه‌ڵاح سالار
salahsalar@hotmail.com
سیستمی فه‌رمانڕه‌وایی وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوین، به تایبه‌تی وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان لێوانلێوه له دیكتاتۆری و ناعه‌داله‌تی و كوده‌تای سه‌ربازیی، گۆڕین و ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سته‌ڵات یان كوده‌تایه، یان مه‌رگ، ئیدی به ده‌گمه‌ن جۆرێكی دیكه‌ی تێدابێت مه‌گه‌ر ئه‌ویش نه‌خۆشیی بێت، كه ئه‌مه‌شیان زۆر كه‌مه، حوكمی بنه‌ماڵه باڵی به‌سه‌ر فهمانڕهواییكردندا كێشاوه، ته‌نانه‌ت وڵاته كۆمارییه‌كانیش له‌و ئاریشه‌یه بێبه‌ش نین.
ئێمه ماوه‌یه‌كی كه‌ممان له ته‌مه‌نی حكومه‌تداریی وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان به نموونه وه‌رگرتووه، له‌و ته‌مه‌نی فهرمانڕهواییكردنانهیاندا زۆرشتی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌و نامۆ روویانداوه، هه‌یه (47) ساڵ كورسیی ده‌سته‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه بووه، له به‌رانبه‌ردا سێ مانگ و یه‌ك مانگ و نۆ رۆژ و ته‌نانه‌ت شه‌ش رۆژیمان هه‌یه، هه‌روه‌ها هه‌یه له ته‌مه‌نی (17) ساڵییدا كورسییه‌كه‌ی به میرات بۆ ماوه‌ته‌وه، هه‌یشه له (81) ساڵییدا كورسییه‌كه‌ی بۆ بووه‌ته میرات.
ئه‌رده‌ن
شانشینی ئه‌رده‌نی هاشمی ساڵی 1946 سه‌ربه‌خۆیی له ژێرده‌ستی به‌ریتانیا وه‌رگرت، ساڵی 1952 حسێنی كوڕی ته‌ڵاڵ بوو پاشای ئه‌و وڵاته، نێوبراو ته‌مه‌نی (17) ساڵ بوو، ته‌مه‌نی یاسایی تێنه‌په‌ڕاندبوو، بۆیه په‌رله‌مان وه‌سایه‌ی بوو تا ساڵی 1953، له‌و ساڵه‌دا له ته‌مه‌نی (18) ساڵییدا به فه‌رمی بوو به پاشای وڵات، تا ساڵی 1999 كه مرد، (47) ساڵ فهرمانڕهواییكرد، هه‌مان ساڵ شا عه‌بدوڵڵای كوڕی بوو به پاشا و (11) ساڵه له‌و پۆسته‌دایه، له ئێستاوه پۆسته‌كه بۆ كوڕه‌كه‌ی ئه‌ویش دانراوه كه ناوی حسێنه و ساڵی 1994 له‌دایك بووه، ئێستا وه‌لی عه‌هدی ئه‌و وڵاته‌یه.
تونس
ـ ساڵی 1956 سه‌ربه‌خۆیی له چنگی فه‌ره‌نسا وه‌رگرت، حه‌بیب بۆرقیبه ساڵی 1957 تا 1987، (30) ساڵی ره‌به‌ق سه‌رۆكایه‌تی وڵاتی كرد، زه‌ینولعابدین بن عه‌لی كه پیش‌تر سه‌رۆكوه‌زیران بوو، ساڵی 1987 بوو به‌سه‌رۆككۆمار پاش وه‌لانانی بۆرقیبه، تا ئێستا كه ده‌كاته (23) ساڵ هه‌ر خۆی سه‌رۆككۆماره.
سعودیه
ـ شا فه‌هد بن عه‌بدولعزیز ساڵی 1982 دوای مردنی شا خالیدی باوكبرای له ته‌مه‌نی (62) ساڵییدا بووه پاشا، تا ساڵی 2005 (23) ساڵ فه‌رمانڕه‌وایی كرد و له ته‌مه‌نی (85) ساڵییدا كۆچی دوایی كرد، پاش مه‌رگی ئه‌و شا عه‌بدوڵڵای برای كه ئه‌و كاته وه‌لی عه‌هد بوو، له ته‌مه‌نی (81) ساڵییدا بوو به پاشای سعودیه‌و تا ئێستا فه‌رمانڕه‌وای ئه‌و وڵاته‌یه‌و مه‌گه‌ر مه‌رگ ئه‌ویش لابه‌رێت.
سۆماڵ
ـ ساڵی 1960 سه‌ربه‌خۆیی له‌ده‌ستی ئه‌مریكا و ئیتالیا وه‌رگرت، له‌و كاته‌وه تا ئێستا حه‌وت سه‌رۆكی گۆڕیوه، به‌ڵام هۆكاری گۆڕانكارییه‌كانیش كوده‌تا بووه، به‌م شێوه‌یه: عه‌دن عه‌بدوڵڵا عصمان دار 1960 ـ 1967، عهبدوڕڕهشید عه‌لی شهرماركی 1967ـ شێخ موختار موحه‌ممه‌د حسێن 15ـ21/10/1969 ته‌نیا 6 رۆژ موحه‌ممه‌د سیادبهڕی پاش كوشتنی سه‌رۆكی پێشوو، كوده‌تای كرد‌و بووه سه‌رۆككۆمار، 1969 ـ 1991، عه‌لی مه‌هدی موحه‌ممه‌د له كانوونی دووه‌می 1991 تا تشرینی دووه‌می 1991 واته 10 مانگ، موحه‌ممه‌د فه‌ره‌ح عه‌یدید تشرینی دووه‌می 1995ـ 1996، حسێن موحه‌ممه‌د فه‌ره‌ح عه‌یدید 1996ـ 1997، عه‌بدولقادر صهلاد حه‌سه‌ن، 2000ـ 2004، عه‌بدوڵڵا یوسف ئه‌حمه‌د 2004ـ 2008، پاش ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عه‌بدوڵڵا یوسف، عه‌ده‌ن موحه‌ممه‌د نوور ماروبی به شێوه‌یه‌كی كاتی بۆ ماوه‌ی (3) مانگ، له 12/2008 تا 31/1/2009، شێخ شه‌ریف شێخ ئه‌حمه‌د ساڵی 2009 له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه هه‌ڵبژێررا بۆ پۆستی سه‌رۆككۆمارو تا ئێستا هه‌ر ئه‌و سه‌رۆكه. ناوبراو سه‌رۆكی حزبی محاكیمی ئیسلامیی سوماڵیشه. ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت سۆماڵ سه‌ره‌تا ناوی كۆماری سۆماڵ و پاشان كۆماری سۆماڵی دیموكراتی و پاشان دیسانه‌وه كۆماری سۆماڵ بووه‌و ماوه‌ی ساڵانی 1991 تا 1995 و 1997 تا 2000 كه‌س سه‌رۆككۆمار نه‌بووه‌و به‌هۆی شه‌ڕی نێوخۆوه ئه‌و وڵاته ده‌سته‌ڵاتی سه‌رتاسه‌ریی ته‌واوی تێدا نه‌بووه.
میسر
ـ جه‌مال عه‌بدولناسر، ساڵی 1954 پاش ئه‌وه‌ی سه‌رۆكه‌كه‌ی پێشخۆی لادا، بووبه سه‌رۆككۆمار، تا ساڵی 1970 واته ماوه‌ی (16) ساڵ سه‌رۆككۆمار بوو، له‌وساڵه‌دا مه‌رگ له‌و پۆسته دووری خسته‌وه، ئه‌نوه‌ر سادات پاش مه‌رگی جه‌مال عه‌بدولناسر له ساڵی 1970 له ته‌مه‌نی (63) ساڵییدا بوو به‌سه‌رۆككۆمار، تا ساڵی 1981 كوژرا، له‌و پۆسته‌دا مایه‌وه، دوای كوژرانی ئه‌و، حوسنی موباره‌ك له ساڵی 1981 له ته‌مه‌نی (53) ساڵیی دا بوو به سه‌رۆككۆمارو تا ئێستا كه ده‌كاته (29) ساڵ هه‌ر خۆی سه‌رۆككۆماره ئه‌گه‌ر چی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه به‌رۆكی گرتووه، به‌ڵام ئه‌و به‌رۆكی كورسییه‌كه‌ی به‌رنادات، جه‌مال موباره‌كی كوڕیشی بۆ دوای خۆی ئاماده كردووه.
سودان
ـ عومه‌ر حه‌سه‌ن به‌شیر، ساڵی 1989 له رێگه‌ی كوده‌تای سه‌ربازییه‌وه بووبه سه‌رۆككۆماری سودان و تا ئێستا كه ده‌كاته (21) ساڵ هه‌ر ئه‌و سه‌رۆككۆماره، ئه‌ویش له داگای لاهای وه‌ك تۆمه‌تباری جه‌نگ داواكراوه‌و فه‌رمانی قۆڵبه‌ستكردنی بۆ ده‌رچووه.
یه‌مه‌ن
ـ عه‌لی عه‌بدوڵڵا ساڵح ساڵی 1978 پاش كوشتنی سه‌رۆكی پێشوو (ئه‌حمه‌د حسێن) بوو به سه‌رۆككۆماری یه‌مه‌ن، پاشان له ساڵی 1990 هه‌ردوو وڵاتی یه‌مه‌ن یه‌كیان گرته‌وه، عه‌لی سالم بهیز سه‌رۆكی كۆماری یه‌مه‌نی دیموكراتیی میللی، بوو به جێگری سه‌رۆككۆماری یه‌مه‌ن و عه‌لی عه‌بدوڵڵا ساڵحیش دووباره بووه‌وه به سه‌رۆككۆمار، ساڵی 1993ـ 1994 ناكۆكی كه‌وته نێوان هه‌ردوو عهلییهكهوه، پاشان عه‌لی عه‌بدوڵڵا ساڵح، عه‌لی سالم به‌یزی ده‌رپه‌ڕاندو ده‌ستی به‌سه‌ر ته‌واوی یه‌مه‌ندا گرت، تا ئێستا كه ده‌كاته (32) ساڵ هه‌ر ئه‌و سه‌رۆككۆماره.
سوریا
ـ حافز سولێمان ئه‌سه‌د، ناسراو به (حافز ئه‌سه‌د) ساڵی 1970 له رێگه‌ی كوده‌تایه‌كه‌وه بوو به سه‌رۆككۆمار، تا ساڵی 2000، له ته‌مه‌نی (69) ساڵییدا مردن پۆسته‌كه‌ی لێسه‌ند، (30) ساڵی ره‌به‌ق سهرۆككۆماربوو. پاش مردنی ئه‌سه‌دی باوك، ئه‌سه‌دی كوڕ بڕیاری جێگرتنه‌وه‌ی دا، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی نه‌گه‌شتبووه سنووری یاسایی، به شێوه‌یه‌كی كاتی عه‌بدولحه‌لیم خه‌ددام له 10/6/2000 تا 17/7/2000. واته مانگێك و حه‌وت رۆژ كرا به‌سه‌رۆك، تا پاش پرسه‌كه‌ی باوكی ده‌ستكاریی ده‌ستووری بۆ كرا بۆ ئه‌وه‌ی ببێت به سه‌رۆككۆمار، پاش ئه‌و گۆڕانكارییانه به‌شار ئه‌سه‌د، له 17/7/2000 تا ئێستا، كه نزیكه‌ی (10) ساڵه پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری گرتووه‌ته ده‌ست و ئه‌ویش مه‌گه‌ر مه‌رگ، یان كوده‌تا ئه‌و كورسییه‌ی لێ بسه‌نێت.
مۆریتانیا
ـ مۆریتانیا ده‌توانین ناوی لێ بنێین وڵاتی كوده‌تا و مه‌رگی سه‌رۆكه‌كان، له ساڵی 1960 به‌دواوه مێژووی حوكمڕانی كۆماری مۆریتانیا به‌مجۆره بووه: موختار وه‌له‌د داداه، له 1960 تا 1978، مسته‌فا وه‌له‌د موحه‌مه‌د سالك، له 1978 تا 1979، موحه‌ممه‌د مه‌حموود وه‌له‌د لولی، له 1979 ـ 1980، موحه‌ممه‌د وه‌له‌د خه‌وله هیداله، 1980 ـ 1984، موعاویه وه‌له‌د سه‌ید ئه‌حمه‌د ئهلتالعی، 1984 ـ 2005، عه‌قید عه‌لی وه‌له‌د موحه‌ممه‌د فال، 2005 ـ 2007، سه‌یدی موحه‌ممه‌د وه‌له‌د شێخ عه‌بدوڵڵا، له 2007 ـ 2008، ژه‌نه‌ڕاڵ موحه‌ممه‌د وه‌له‌د عه‌بدولعه‌زیز، له 2008 ـ 2009، با مامادۆ ئیمباری له مانگی نیسانی 2009 تا مانگی ئابی 2009، واته ته‌نیا چوار مانگ، ژه‌نه‌راڵ موحه‌ممه‌د وه‌له‌د عه‌بدولعه‌زیز له 5/8/2009 له رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه، تا ئێستا له‌و پۆسته‌دا ماوه‌ته‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌مان بیر نه‌چێت له پاش كوده‌تاكه‌ی عه‌قید عه‌لی فال به‌سه‌ر موعاویه‌دا كه بۆ پرسه‌ی شا فه‌هد رۆشتبوو، ئیتر قۆناغێكی دی هاته پێشه‌وه، سه‌رۆككۆماری پاش ئه‌و (سه‌یدی موحه‌ممه‌د) یه‌كه‌مین سه‌رۆكی مه‌ده‌نیی ئه‌و وڵاته‌یه.
مه‌غریب
ـ مه‌غریب وڵاتێكی پاشاییه، شا حه‌سه‌نی دووه‌م، ساڵی 1961 پاش مه‌رگی باوكی (شا موحه‌ممه‌دی دووه‌م) بووبه پاشای مه‌غریب، تا ساڵی 1999 كه له ته‌مه‌نی (70) ساڵییدا مرد هه‌ر خۆی فه‌رمانڕه‌وای ئه‌و وڵاته بوو، شا موحه‌ممه‌دی شه‌شه‌م، پاش مردنی شا حه‌سه‌نی دووه‌می باوكی له ساڵی 1999 بوو به پاشا، تا ئێستا كه (21) ساڵه فه‌رمانڕه‌وای وڵاته‌و هه‌موو كاروبارێك به‌ده‌ستی وییه، نه‌ك سه‌رۆكوه‌زیران، هه‌روه‌ها كوڕه حه‌وت ساڵانه‌كه‌ی (مه‌ولای حه‌سه‌نی) كه ساڵی 2003 له‌دایك بووه وه‌لیعه‌هدی وڵاته‌و هه‌ر له ئێستاوه كورسییه‌كه گیراوه بۆ ئه‌و.
جه‌زائیر
ـ عه‌بدولعه‌زیز بۆته‌فلیقه ساڵی 1999 بووه‌ته سه‌رۆككۆماری جهزائیرو تا ئێستا كه (11) ساڵه، سه‌رۆككۆماری ئه‌و وڵاته‌یه.
قه‌ته‌ر
ـ كوده‌تا ته‌نیا وڵاته كۆمارییه‌كانی نه‌گرته‌وه، به‌ڵكو وڵاتانی شانشینیش، یان ئهمیرنشینیش هه‌مان رێگه‌یان گرتووه‌ته‌به‌ر، له وڵاته ئهمرینشینی قه‌ته‌ر، ئه‌حمه‌د بن عه‌لی ئال سانی ساڵی 1969 تا 1972 ئه‌میری ئه‌و ده‌وڵه‌ته بوو، به‌ڵام دواتر خه‌لیفه بن حه‌مه‌د ئال سانی، ساڵی 1972 له رێگه‌ی كوده‌تای سپییه‌وه ئه‌وی لادا و خۆی بوو به ئه‌میری قه‌ته‌ر، پاش (23) ساڵ فه‌رمانڕه‌وایی، ساڵی 1995 ئه‌ویش له رێگه‌ی كوده‌تای سپییه‌وه له‌لایه‌ن حه‌مه‌د ئال خه‌لیفه‌ی كوڕیه‌وه دوور خرایه‌وه، ئیتر به‌و جۆره حه‌مه‌د ئال خه‌لیفه ساڵی 1995 به‌هۆی كوده‌تای سپی به‌سه‌ر باوكییدا بوو به ئه‌میری قه‌ته‌ر و تا ئێستا میری ئه‌و وڵاته‌یه. ناوبراو خاوه‌نی سێ ژنه و ساڵی 2008 به ده‌وڵه‌مه‌ندترین سه‌رۆكی جیهان دیاریی كرا، كه خاوه‌نی (3) ملیار دۆلاری ئه‌مریكییه.
كوه‌یت
ـ شێخ جابر ئه‌حمه‌د ئالسوباح ساڵی 1977 تا 2006، (29) ساڵ ئه‌میری ده‌وڵه‌تی كوه‌یت بوو تا له‌و ساڵه‌دا مه‌رگ وه‌لای نا، پاشان شێخ سه‌عد عه‌بدوڵڵا سالم ئالسوباح له هه‌مان ساڵ له ته‌مه‌نی (76) ساڵییدا بوو به میری كوه‌یت، ته‌مه‌نی فه‌رمانڕه‌وایی ناوبراو ته‌نیا (9) رۆژی خایاند، به هۆكاری ناجێگیری باری ته‌ندروستییه‌وه په‌رله‌مانی كوه‌یت دووری خسته‌وه، به‌وشێوه‌یه بوو به كهمتهمهنترین میری كوه‌یت له مێژوودا، دوابه‌دوای ئه‌و، شێخ سه‌باح ئه‌حمه‌د جابر ئالسوباح، له ته‌مه‌نی (77) ساڵییدا بوو به میری كه‌ویت و تا ئێستا كه ته‌مه‌نی (81) ساڵه میری ئه‌و وڵاته‌یه.
لیبیا
ـ شا ئیدریس سنوسی، یه‌كه‌م پاشای لیبیایه پاش سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و وڵاته له ژێرده‌ستی ئیتالیاییهكان، ئه‌و ساڵی 1951 تا 1969 پاشی لیبیا بوو، له‌وساڵه‌دا موعه‌ممه‌ر قه‌زافی كوده‌تای به‌سه‌ردا كرد و ئاواره‌ی توركیا و پاشان یۆنان و دواتر میسر بوو تا له‌وێ له ته‌مه‌نی (93) ساڵییدا ساڵی 1983 كۆچی دوایی كرد. موعه‌ممه‌ر قه‌زافی ساڵی 1969 له رێگه‌ی كوده‌تای سه‌ربازییه‌وه بووبه سه‌رۆككۆمار و سیستمی وڵاتی له پاشاییه‌وه گۆڕی بۆ كۆماریی، به‌ڵام هیچ شێوازێكی سیستمی كۆماری هه‌ستی پێناكرێت و ته‌نیا پاشا بووه به سه‌رۆككۆمار و سنوسی بووه به قه‌ززافی، چونكه ئه‌وه ماوه‌ی (41) ساڵه ئه‌و سه‌رۆككۆماری لیبیایه و نه گۆڕانكاری كراوه‌و نه بهتهمایشه بكرێت.
به‌حرێن
ـ شێخ عیسا بن سولێمان ئال خه‌لیفه، ساڵی 1961 بوو به ئه‌میری ده‌وڵه‌تی به‌حرێن تا ساڵی 1999 كه كۆچی دوایی كرد، (38) ساڵ فه‌رمانڕه‌وایی كرد، دوای خۆی كوڕه‌كه‌ی، شێخ حه‌مه‌د بن عیسا ئال خه‌لیفه، بوو به میری وڵات و تا ئێستا (11) ساڵه میری به‌حرێنه.
عێراق
ـ عێراق وڵاتی خوێن و كوده‌تا و ئاگرو ئاسن و ماڵوێرانییه، ته‌نانه‌ت ماڵكاولیی سهرۆكهكانیشه، پاش ئه‌وه‌ی ساڵی 1921 به فه‌رمی له‌ژێر چاودێریی به‌ریتانیادا به وڵاتێكی پاشایی دامه‌زرا، ساڵی 1958 له رێگه‌ی كوده‌تایه‌كه‌وه كۆتایی به سیستمی پاشایی هات و ده‌سته‌ڵاتی كۆماریی راگه‌یانرا، سه‌رۆككۆماره‌كان تا رووخانی سه‌ددام حسێن هه‌موویان كوده‌تایان له یه‌كتر كرد، هیچ كه‌س به خۆشیی خۆی كورسیی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری به‌جێنه‌هێشت، رووداوه‌كان به‌م شێوه‌یه‌ن: عه‌بدولكه‌ریم قاسم ساڵی 1958 كوده‌تای كرد به‌سه‌ر شا فه‌یسه‌ڵی دووه‌مداو به‌وهۆیه‌وه شا فه‌یسه‌ڵ كه له ناو خه‌ڵكدا به (مه‌لیكه بچكۆل) ناسرابوو كوژرا، تا ساڵی 1963 سه‌رۆككۆمار بوو، پاشان عه‌بدولسه‌لام عارف ساڵی 1963 كوده‌تای كرد و عهبدولهكهریم قاسمی كوشت، ئه‌ویش (3) ساڵ سه‌رۆككۆماری عێراق بوو، ساڵی 1966 له فڕۆكه‌دا كه به‌ره‌و به‌سره ده‌فڕی سووتا، پاشان عه‌بدوڕڕه‌حمان موحه‌ممه‌د عارفی برای بوو به سه‌رۆككۆمار، دوای (2) ساڵ، له ساڵی 1968 به‌عسییه‌كان كوده‌تایان كرد‌و عهبدوڕهحمانیان دوورخسته‌وه، له‌وكاته‌وه ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن ئه‌لبه‌كر بوو به‌سه‌رۆككۆمار تا ساڵی 1979، ئه‌ویش (11) ساڵ سه‌رۆكایه‌تی كرد، پاشان كوده‌تای سپی به‌رۆكی ئه‌ویشی گرت و سه‌ددام حسێنی جێگری به هاوكاری خالۆ و خه‌زووری (خه‌یروڵڵا تولفاح)، كۆتاییان به ده‌سته‌ڵاتی هێنا، سه‌ددام حسێن ساڵی 1979، تا ساڵی 2003 سه‌رۆكایه‌تی كۆماری بۆخۆی مۆنۆپۆل كرد، سه‌رئه‌نجام پاش (24) ساڵ فه‌رمانڕه‌وایی ئاگرو ئاسن له‌لایه‌ن ئهمریكاو هاوپه‌یمانانه‌وه كۆتایی به‌ده‌سته‌ڵاتی هێنرا و پاشان له 30/12/2006 له شه‌وی جه‌ژنی قورباندا له سێداره درا.
ئیماراتی یه‌كگرتووی عه‌ره‌بی
ـ شێخ زاید بن سوڵتان ئال نه‌یان، ساڵی 1966 بوو به ئه‌میری ئیمارات ـ تا ساڵی 2004 كه كۆچی دوایی كرد، (38) ساڵ ئه‌میری وڵات و ئیماره بوو، پاشان شێخ خه‌لیفه بن زاید ساڵی 2004 پاش مه‌رگی باوكی بوو به ئه‌میری ده‌وڵه‌تی ئیماراتی یه‌كگرتووی عه‌ره‌بی و تا ئێستا سه‌رۆكی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌یه.
بۆ ئه‌م راپۆرته سوودم له پێگه ئه‌لیكترۆنییه‌كانی هه‌ر وڵاتێك وه‌رگرتووه، به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كییش پێگه‌ی (ویكیپیدیا).
لێدوانێک بنووسە